وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان دەڵیت، هەرێمی کوردستان رۆڵی گرنگی هەبووە لە نزیکبوونەوە و پێشخستنی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا و تاوەکو ئێستا هیچ بەرەوپێشچوونێک لە پرۆسەی چەکدانانی پەکەکەدا نییە.
ئەمڕۆ سێشەممە رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە پێشانگای نێودهوڵهتی ههولێر بۆ بیناسازی و ئاوهدانكردنهوهی ژێرخانی ئابووری و وزه گوتی "سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە سەرەتای دەستبەکاربوونیەوە گرنگی بە بەروبوومی خۆماڵی داوە، هەروەها گرنگیشی بە پەیوەندییە بازرگانییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وڵاتانی بیانی داوە و هەمیشە لە هەوڵی ئەوەدا بووە ژێرخانی ئابووری هەرێمی کوردستان بەهێز بکات.
وەزیری ناوخۆ لەبارەی سەردانەکەی مەسرور بارزانی بۆ ئەمەریکا گوتی "گەشتەکەی ئەمجارەی سەرۆکی حکوومەت بۆ بەرهەمێکی تری بازرگانی گەورەیە، ئەم گرێبەستەی هەرێمی کوردستان و دوو کۆمپانیاکەی ئەمریکا بۆ رێککەوتنە لەبارەی وەبەرهێنانی نەوت و گاز، لەم بارودۆخەی رۆژهەڵاتی ناوەراست ئەم رێککەوتنە دەیسەلمێنێت کە هەرێمی کوردستان جێگەی متمانەی کۆمپانیا گەورەکانە".
بە گوتەی رێبەر ئەحمەد "بەهۆی سەقامگیری ناوچەکە و متمانەی هەرێمی کوردستان لە چەند ساڵەی وەبەرهێنان لەگەڵ کۆمپانیا بییانییەکان وڵاتانی بیانی چاویان لەوەیە وەبەرهێنان لە کوردستان بکەن.
وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان باسی لە قۆناخەکانی پرۆسەی چارەسەریی ئاشتی لە تورکیا کرد و رایگەیاند "هەرێمی کوردستان رۆڵی گرنگی هەبوو لە نزیکبوونەوەی هەردوولایەن و سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی لە ناوچەکە، بەڵام ئەوەی تا ئێستا هەیە تەنیا گفتوگۆ و بەیاننامەن، پرۆسەی ئاشتی و چەکدانانی پەکەک تا ئێستا هیچ بەرەوپێشچوونێکی نییە".
هاوکات باسی لە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران کرد و گوتی "خۆشحاڵم کە دەبینم ئەو هەموو کۆمپانیا ئێرانییە لەم پێشانگایە بەشدارن، چونکە ئەوان دۆست و دراوسێی ئێمەن و لە ڕووی بازرگانی و سیاسییەوە لێکتێگەیشتنی باش لەنێوان هەردوولاماندا هەیە و هیوادارم زۆرترین کۆمپانیا گرێبەست لەگەڵ وەبەرهێنەرەکانی ئێمە بکەن".
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.