رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران دەڵێت؛ پێموانییە دانوستانەکانمان لەگەڵ ئەمەریکا لەبارەی رێککەوتنی ئەتۆمی هیچ ئەنجامێکی لێ بکەوێتەوە و دەشڵیت، نازانم دواتر چی روودەدات.
رۆژی سێشەممە 20ـی ئایاری 2025 عەلی خامنەیی رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران لە ساڵوەگەڕی گیانلەدەستدانی ئیبراهیم رەئیسی سەرۆککۆماری پێشووی ئێران رایگەیاند "لە سەردەمی سەرۆک کۆماری ئیبراهیم رەئیسیدا ئەو بە راشکاوی گوتی کە دانوستان لەگەڵ ئەمەریکا ناکەین، هەرچەند بە شێوەی ناراستەوخۆ دانوستان کرا، بەڵام بە هیچ ئەنجامێک نەگەییشت".
رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران دەڵیت "ئێستاش پێموانییە دانوستانەکان ئەنجامێکیان ببێت و ناشزانم لە داهاتوودا چی روودەدات".
عەلی خامنەیی ئاماژەی بەوە کرد کە بەرپرسانی ئەمەریکا پێیان گوتوون بە هیچ شێوەیەک قبووڵی ناکەن لەناو خاکی ئێراندا پیتاندنی یۆرانیۆم ئەنجام بدرێت و گوتی "لایەنی ئەمریکی کاتێک لە دانوستانە ناراستەوخۆکاندا دەدوێن، با هەوڵ بدەن زێدەڕۆیی نەکەن".
دەشڵیت؛ "کاتێک دەڵێن ئێمە رێگە نادەین ئێران لە پیتاندنی یۆرانیۆم بەردەوامبێت، ئەمە قسەی زیادەیە، کەس چاوەڕوانی رێگەپێدانی ئەوان نییە. کۆماری ئیسلامی سیاسەتی خۆی هەیە، رێگەی خۆی هەیە، سیاسەتەکانی خۆی جێبەجێ دەکات".
بەرپرسانی باڵای ئەمەریکا هەر لە دۆناڵد ترەمپەوە بگرە تاوەکو مارکۆ رۆبیۆ و دواجاریش ستیڤ ڤیتکۆف کە سەرۆکی شاندی دانوستانکاری ئەمەریکایە لەگەڵ ئێران، بەردەوام دووپاتیان لەوە کردووەتەوە کە ئێران نابێ لە پیتاندنی یۆرانیۆم بەردەوامبێت، ئەوە لە کاتێکدایە ئێران دەڵێت، گفتوگۆکردن لەبارەی پیتاندنی یۆرانیۆم هێڵی سوورە و دەستبەرداری ئەو مافەمان نابین.
دۆناڵد ترەمپ دوای گەڕانەوەی لە سەردانە سێ رۆژییەکەی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە چاوپێکەوتنێکی میدیاییدا گوتی "ئێران نەوتێکی زۆری هەیە، نەوتەکەیان بەشی 300 ساڵی دیکە دەکات کە نەوتێکی زۆر باشیشە، کاتێک ئەوەندە نەوتەت هەبێت چ پێویستت بە پرۆگرامی ئەتۆمیی هەیە ئەگەر بۆ مەبەستی سەربازی نەبێت؟ من لەوە تێناگەم".
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.