Erbil 31°C شەممە 20 حوزەیران 03:38

مەسرور بارزانی: قۆناخێکی نوێی پەیوەندییەکانی کوردستان و ئەمەریکا دەستپێدەکات

کوردستان TV
100%

مەسرور بارزانی بە سەردانێکی فەرمی و لەسەر بانگهێشتی حکوومەتی ئەمەریکا لە واشنتنە، دوای واژۆکردنی دوو گرێبەستی گەورە لەبواری نەوت و وزە لە نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و دوو کۆمپانیای گەورەی بواری نەوت و وزە، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند؛ " قۆناخێکی نوێی پەیوەندییەکانی نێوان کوردستان و ئەمەریکا دەست پێدەکات".

 

رۆژی سێشەممە 20ـی ئایاری 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند؛ "ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە، لە چوارچێوەی سەردانە فەرمییەکەماندا بۆ ئەمەریکا، لە ڕێورەسمێکدا لە ژووری بازرگانیی ئەمەریکا لە واشنتن، سەرپەرشتیی و چاودێری ڕێورەسمی واژۆکردنی دوو ڕێککەوتننامەی گرنگمان لە نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و دوو کۆمپانیای ئەمەریکی وێسترن زاگرۆس و ئێچ کەی ئێن ئینێرجی لە بواری وزەدا کرد".

 

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاویکردووەتەوە؛ "قۆناخێکی نوێی پەیوەندییەکانی نێوان کوردستان و ئەمەریکا دەست پێدەکات بە واژووکردنی دوو ڕێککەوتننامەی گرنگ لەگەڵ وێسترن زاگرۆس و ئێچ کەی ئێن ئینێرجی کە بەهایان دەیان ملیار دۆلارە و کارەبا بۆ ملیۆنان کەس دابین دەکات و هەلی کار دەڕەخسێنێت و ئابووری کوردستان بەهێزتر دەکات.

 

رۆژی شەممە 17ـی ئایاری 2025 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە سەردانێکی فەرمی و لەسەر بانگهێشتی حکوومەتی ئەمریکا، بە سەرۆکایەتی شاندێکی باڵا گەیشتە واشنتن.

 

سەرۆکایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی ئامانجی سەردانەکەی بڵاویکردەوە؛ "لەم سەردانەدا بڕیارە سەرۆکی حکوومەت، زنجیرەیەک دیدار و کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای حکومەتی ئەمریکا و کۆنگرێس ئەنجام بدات. هەروەها لەگەڵ وەبەرهێنەران و خاوەنکارانی ئەمەریکی گفتوگۆ لەبارەی پەرەپێدانی پەیوەندیی ئابووری و بازرگانی دەکات".

 

تەوەرێکی سەرەکی گفتوگۆکانی سەرۆکی حکوومەت لەگەڵ بەرپرسانی ئەمەریکا، تایبەتە بە پتەوکردن و پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندیی و هاوبەشی ستراتیژی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا و تاوتوێکردنی دوایین گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی دۆخی گشتیی عێراق و ناوچەکە.

 

بڕیارە مەسرور بارزانی بەشداریی لە گفتوگۆیەکی تایبەتی کۆڕبەندی وزە لە واشنتن بکات بە ناونیشانی “داهاتووی وزە لە هەرێمی کوردستان”. کە ڕوانین و دیدگای هەرێمی کوردستان بۆ پەرەپێدانی کەرتی وزە دەخاتە ڕوو و و تیشک دەخاتە سەر دەرفەتەکانی وەبەرهێنان لەم کەرتەدا.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.