Erbil 31°C شەممە 20 حوزەیران 08:23

سێ ملیۆن دەنگدەر لە هەرێمی کوردستان کارتی بایۆمەترییان نوێ کردووەتەوە

کوردستان TV
100%

بەڕیوبەری نووسینگەی هەرێمی کوردستان لە کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت؛ هەموو رۆژانی هەفتە دەرگای نوێکردنەوەی کارتی بایۆمەتری کراوەیە و تاوەکو ئێستا نزیکەی سێ ملیۆن دەنگدەر لە هەرێمی کوردستان کارتی بایۆمەترییان وەرگرتووەتەوە.
 
رۆژی دووشەممە 19ی ئایاری 2025، نەبەرد عومەر، بەڕێوبەری نووسینگەی هەرێمی کوردستان لە کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق بە گۆران سدیق، پەیامنێری کوردستان تیڤی ڕاگەیاند: "سێ ملیۆن دەنگدەر لە هەرێمی کوردستان کارتی بایۆمەترییان نوێ کردووەتەوە و ئامادەن بۆ دەنگدان".

نەبەرد عومەر دەڵێت: "لە 25ی ئایار دەرگای خۆبەربژێرکردن بۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەکەینەوە، هەموو حیزب و لایەنەکان دەتوانن ناویان تۆمار بکەن، مەرجی خۆبەربژێرکردنەکەش ئەوەیە کەسەکە هاووڵاتیی عێراقی بێت".

بەرێوبەری نووسینگەی هەرێمی کوردستانی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق گوتی؛ "ئەو کەسانەی بەربژێری سەربەخۆن، دەبێت پشتگیری زیاتر لە 500 کەسیان هەبێت بۆ ئەوەی بتوانین ناویان بخەینە ناو لیستی بەربژێرەکان".

بڕیارە رۆژی 25ـی ئایار کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق دەرگای خۆ تۆمارکردن بەڕووی بەربژێراندا بکاتەوە و بۆ ماوەی یەک مانگ بەردەوامبێت.

بەگوێرەی داتاکانی کۆمسیۆن، لە هەرێمی کوردستان سێ ملیۆن و 930 هەزار کەس مافی دەنگدانیان هەیە و لەو ژمارەیە تاوەکو ئێستا نزیکەی سێ ملیۆن کەس کارتی بایۆمەترییان نوێکردووەتەوە. تاوەکو ئێستا کۆمسیۆن سێ جار ماوەی نوێکردنەوەی کارتی بایۆمەتری نوێکردووەتەوە و بەڕێوەبەری نووسینگەی هەرێمی کوردستانیش داوا دەکات هاووڵاتییان بچن بۆ نوێکردنەوەی کارتەکانیان.

لە هەرێمی کوردستان 173 بنکەی نوێکردنەوەی کارتی بایۆمەتری هەن کە ئەوانیش دابەش بوون بەسەر هەر چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان و رۆژانە لە کاژمێر هەشتی بەیانی تا پێنجی ئێوارە کراوەن، نەبەرد عومەر دەڵێت؛ "بنکەکان رۆژانی هەینی و شەمەش کراوەن بۆ ئەو کەسانەی بە هەر هۆکارێک لە رۆژانی کارکردن ناتوانن سەردانیان بکەن".

لەبارەی ئەو هاووڵاتییانەش کە لەسەر ماددەی 140 تۆمار کراون، نەبەرد عومەر رونیکردەوە؛ "دەتوانن لەو 173 بنکەیەی لە هەرێمی کوردستان هەن، بێ گەرانەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان مامەڵەکانیان تەواو بکەن"

بۆ ئەو کەسانەش کە لە هەڵبژاردنەکانی ڕابردوو کێشەی پەنجەمۆریان هەبووە، بەڕێوەبەری نووسینگەی هەرێمی کوردستانی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند؛ "دەتوانن سەردانی بنکەکان بکەن بۆ ئەوەی دووبارە پەنجەمۆریان لێ وەربگیرێت و چیتر لە دەنگدان کێشەیان بۆ دروست نەبێت".

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.