Erbil 31°C ھەینی 19 حوزەیران 16:30

ناوەڕۆكی كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان

کوردستان TV
100%

ئەمڕۆ چوارشەممە 14ی ئایاری 2025، بە سەرپەرشتی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوە، گفتوگۆکردن بوو لەسەر ڕەشنووسی بڕیـاری ئەنجـوومەنی وەزیـران سـەبارەت بە ( پـڕۆژەی ڕوونـاکی ) بـۆ دابینکردن و دەستەبەرکردنی خزمەتگوزاریی کارەبای 24 کاتژمێری بۆ هاوبەشانی تۆڕەکانی کارەبای نیشتمانی بە شێوەیەکی فـراوان و بە بەردەوامی و کەمکردنەوەی تێچووی بەکارهێنان و ڕێگريكردن لە بەهەدەردان و هاوسەنگی لە دابەشـکردن و پاراسـتنی ژینگە و تەندروستی گشتی و جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژە نیشتمانییە، لەلایەن کەرتی گشتیی و وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە دەبێت.

بۆ ئەم بڕگەیەی کارنامەی کۆبوونەوەکە، وێڕای وەزیری کارەبا میوانداریی هەردوو بەڕێوەبەری گشتی دیوان و دابەشکردنی کارەبای هەرێم کرا بوو بۆ خستنەڕووی وردەکاریی پڕۆژەکە و وەڵامدانەوەی پرسیار و سەرنجەکان.

سەرۆک وەزیران لە سەرەتادا، ئاماژەی بە گرنگیی ئەم پڕۆژەیە کرد و ئاماژەی دا بەوەی کە ئەم پڕۆژەیە، بڕگەیەکی پەسەندکراوی كارنامەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە کە لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە لە مانگی تەمووزی 2019 پەسەند کرا و لەسەر بنەمای ئەو بەرنامەیە متمانە بە کابینەکە درا.

سەرۆک وەزیران، ئەم پڕۆژەیەی بە یەکێک لە دەسکەوتە گرنگەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی ناوبرد کە داوا و خواستی چەندین ساڵەی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بووە و مافێکی ڕەوا و سەرەتایی هاونیشتمانیانیش بوو کە بکرێتە ئەرکی لە پێشینەی ئەم کابینەیە بۆ ڕێکخستنەوە و ڕیفۆرمیی جیددی لە كارەبادا.

سەرۆک وەزیران دووپاتیشی کردەوە کە دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری، پڕۆژەیەکی نیشتیمانیيە کە خاوەندارێتی بۆ وەزارەتی کارەبایە و بە هێزی کاری خۆماڵی کەرتی گشتیی جێبەجێ دەکرێت و چەندین قازانج و سوودی گشتیی هەیە لە ڕووی ژینگەیی و تەندروستی و هەروەها خەرجییەکەشی بۆ زۆرینەی خەڵک کەمترە لەو پارەیەی کە هاووڵاتییان بە موەلیدە و پارەی کارەبای نیشتمانی پێکەوە دەیدەن.

سەرۆک وەزیران داواشی لە هاووڵاتییان کرد کە بە شێوەیەکی بەرپرسیارانە و بە پێی پێویستیی خۆیان کارەبا بە کاربهێنن و بەفیڕۆی نەدەن، بەو پێیەی بڕی بەکارهێنانی کارەبا لێرە بە دواوە لەژێر کۆنتڕۆڵی هاووڵاتییان دەبێت و بە پێی بەکارهێنان پارە دەدەن، ئەمەش لە کۆتاییدا هاوکار دەبێت بۆ کەمکردنەوەی تێچووی کارەبا و بەکارهێنانەوەی داهاتی بەدەستهاتوو لە پاڵپشتی زیاتری هاوبەشانی تۆڕی کارەبای نیشتیمانی و سەرخستنی پڕۆژەکە و فراوانکردنی کە وا بڕیارە تا کۆتایی ساڵی 2026  تەواوی هاوبەشانی هەرێمی کوردستان سوودمەند بن لە خزمەتگوزاریی کارەبای بەردەوامی 24 كاتژمێری.

پاشان کەمال محەمەد ساڵح وەزیری کارەبا ڕاپۆرتێکی بەرفراوان و بە داتا و زانیاریی وردی پێشکەش کرد و باسی لە وردەکارییەکانی پڕۆژەکە و قازانجەکانی بۆ هاووڵاتییان کرد، هەروەها ئاماژەی بەو چاکسازییانە کرد کە لە قۆناخی ئەزموونیی پڕۆژەکە ئەنجامدرا، بە ئاراستەی کەمکردنەوەی نرخی تێچووی کڕینی کارەبا لەلایەن هاووڵاتییان و پێشکەشکردنی پاڵپشتی دارایی بۆ ئاسانکاریی لەپێناوی خۆگونجاندنی هاووڵاتییان لەگەڵ پڕۆژەکەدا.

دواتر ڕەشنووسی بڕیـاری ئەنجـوومەنی وەزیـران سـەبارەت بە پڕۆژەی کارەبای 24 كاتژمێری (پـڕۆژەی ڕوونـاکی) و وردەکارییەکانی بۆ ئەنجوومەن خرایەڕوو بە مەبەستی گفتوگۆ و بڕیاردان.

لە دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە و وەڵامدانەوەی پرسیارەکانی ئەندامانی ئەنجوومەنی وەزیران، ئەنجوومەنی وەزیران پڕۆژە بڕیارەکەی بە کۆی دەنگ پەسەند کرد و وەزارەتی کارەبای ڕاسپارد بۆ دەرکردنی ڕێنمایی پێویست بۆ ئاسانکاری جێبەجێکردنی بڕیارەکە کە هەر بە گوێرەی بڕیارەکە، لیژنەیەکی باڵا لە سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە بە سەرپەرشتی سەرۆک وەزیران و بەشداریی جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیرە پەیوەندیدارەکان پێکهات بۆ بەدوادچوون و هەڵسانگاندنی بەرەوپێشچوونەکانی پڕۆژەکە و سەرخستنی بە ئاراستەی خزمەتکردنی هاووڵاتییان و ڕەچاوکردنی بارودۆخیان بە تایبەتیش کەمدەرامەتان.

لە بڕگەی دووەمدا، گفتوگۆ لەبارەی ڕاسپاردنی وەزارەتەکان و لایەنەکانی نەبەستراو بە وەزارەت لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە کرا بۆ هاوئاهەنگی و هاریکاری دەستەی هاوبەشی وردبینی هەردوو دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان کە ئێستا سەرقاڵی ئامادەکردنی ڕەشنووسی ڕاپۆرتی هاوبەشن لەسەر وردبینی دارایی هەرێمی کوردستان لەبەر ڕۆشنایی یاسای بودجەی گشتی فیدراڵ بۆ ساڵەکانی 2023 و 2024 و 2025 .

ئەنجوومەنی وەزیران وێڕای جەختکردنەوە لە بەردەوامبوونی هاریکاری و هاوئاهەنگی لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ، لە هەمانکاتدا دووپاتی کردەوە کە دەبێ حکوومەتی فیدراڵ وەکو هەرێمێکی فیدراڵ و قەوارەیەکی دەستووری ڕەفتار لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکات و ڕێز لە مافە یاسایی و دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان بگرێت و بەشە بودجەی هەرێم و شایستە داراییەکانی لە بودجەی گشتی فیدراڵ بێ کێشە دابین بکات بە تایبەتیش کە هەرێمی کوردستان سەرجەم داواکارییە تەکنیکی و ژمێریاریی و یاساییەکانی حکوومەتی فیدڕاڵیی سەبارەت بە لیستی مووچە و خانەنشینیی و تەرازووی پێداچوونەوە و دابینکردنی ژمارەی کەسی بێهاوتا بۆ سەرجەم مووچەخۆرانی هەرێم لە سەرجەم کەرتە جیاوازەکانی خزمەتی وەزیفیی جێبەجێ کردووە و هیچ کەموکوڕییەکی تەکنیکی لەمڕووەوە نەماوە تا بکرێتە بەهانە بۆ ڕاگرتنی خەرجکردنی شایستە داراییەکانی مووچەخۆرانی هەرێم کە مافێکی یاسایی ڕەوای مووچەخۆرانە و دادگای باڵای فیدڕاڵیش بە ئاشکرا جەختی لەم مافە کردووەتەوە.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.