بە هەوڵی بەردەوامی بەرێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومڕەی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بانکی ناوەندی فیدراڵ و بە مەبەستی گۆڕینەوەی دوو هەزار دۆلار بۆ هەر حاجییەک بە نرخی 132000، لەئەمرۆ چوارشەممەوە حاجیان دەتوانن سەردانی لقەکانی بانکی جیهان بکەن بە مەبەستی سوودمەندبوونیان لەو بڕە پارەیە.
دوای دەرچوونی بڕیاری گۆڕینەوەی 2000 دۆلار (20 وەرەقە) بۆ هەر حاجییەک، بەرێوەبەری گشتی حەج و عومڕە هەموو هەوڵێکی خستەگەڕ لەگەڵ لایەنە پەیوەندارەکان تاوەکو ئەم بڕیارە حاجیانی کوردستانیش بگرێتەوە، ئەوەبوو دوای چەندین رێکاری یاسایی و کارگێری، ئەمرۆ لەلایەن بانکی ناوەندی حکوومەتی فیدراڵەوە بڕە پارەی پێویست بە دۆلار خرایە سەر بانکی جیهان تاوەکو بە نرخی بانکی ناوەندی بۆ هەر حاجییەک 20 وەرەقە بگۆڕدرێتەوە.
لەم هەنگاوەی بەرێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومڕەی کوردستان، هەر حاجییەک زیاتر لە 200 هەزار دیناری بۆ دەگەڕێتەوە ئەگەر دۆلار لە بازاڕ بکرێت، لەم کارەشدا 5136 حاجی سوودمەند دەبن کە ئەگەر هەموو حاجییەکان بڕە پارەکە بگۆڕنەوە کۆی سوودەکە بۆ حاجیانی کوردستان زیاتر دەبێت لە یەک ملیار دینار عیراقی دەبێت.
بەرێوەبەرایەتی حەج و عومڕە ئاماژە بەوە دەكات: هەموو داتایەکمان داوەتە بانکی جیهان و هەر حاجییەک بیەوێت پارەکە بگۆڕێتەوە، پێویستە پاسپۆرت و ڤیزاکەی لەگەڵ خۆی ببات و نابێت هیچ کەسێک لە جیاتی کەسێکی دیکە پارەکە وەربگرێت، هەروەها لقەکانی بانکی جیهان لە هەولێر و سلێمانی هەن و حاجیانی شاری دهۆکیش دەتوانن سەردانی شاری هەولێر بکەن بۆ ئەم مەبەستە.
ئاماژەی بەوەش دەكات: بە پێی ئەو کاتانەی کە دیاری کراوە لە شەفتی بەیانیان کاتژمێر 9 بەیانی تاوەکو 12ی نیوەڕۆ، شەفتی ئێواران کاتژمێر 3 ئێوارە تاوەکو 5ی ئێوارە، شەفتی سێیەم کاتژمێر 7ی شەو تاوەکو 10 و نیوی شەو لقەکانی بانکی جیهان کراوە دەبن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.