پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە مەسرور بارزانی جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ سکرتارییەت و بەرپرسی لق و ناوەندەکانی یەکێتیی قوتابیان و یەکێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستان کۆبووەوە.
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، ڕێبوار یەڵدا ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی بەشی ڕێکخراوە جەماوەری و پیشەییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان کورتەیەکی دەربارەی ئامادەکارییەکانی ئەنجامدانی کۆنگرەی یەکگرتنی هەردوو ڕێکخراوی یەکێتیی قوتابیان و یەکێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستان خستەڕوو کە بڕیارە سبەی پێنجشەممە بە ئامادەبوون و سەرپەرشتیی سەرۆک بارزانی لە هەولێر کۆنگرەکە ببەستن.
پاشان نێچیرڤان حوسێن و مەیسەر نهێلی سکرتێرانی یەکێتیی قوتابیان و یەکێتیی لاوان باسیان لە کار و چالاکی و خەباتی ڕێکخراوەیی خۆیان و گرنگیی یەکگرتنەوەی هەردوو ڕێکخراوەکە کرد.
ئینجا مەسرور بارزانی جێگری سەرۆکی پارتی ئاماژەی بە گرنگیی ڕۆڵ و خەباتی پڕ لەسەروەری هەردوو ڕێکخراوەکە کرد کە ئێستا بە یەکگرتنەوەیان بەرەو قۆناخێکی نوێ و مێژوویی هەنگاو دەنێن.
جێگری سەرۆکی پارتی دەستخۆشی لە مەکتەبی سکرتارییەت و بەرپرسی لق و ناوەندەکان و کادیرانی هەردوو ڕێکخراوەکە کرد بۆ ئەرک و ماندووبوون و خەبات و کارکردنیان لەپێناو خزمەتکردنی توێژی قوتابیان و لاوانی کوردستان و ڕایسپاردن کە بە شێوەیەکی کاراتر و چالاکانەتر بەردەوامبن لە ئەرکی نیشتمانیی خۆیان لەپێناو زیاتر پەرەپێدانی تواناکانیان لە هەموو بوارەکاندا و برەودان بە هزری نیشتمانپەروەری و داکۆکیکردن لە قەوارەی دەستووری و دەسکەوتە نیشتمانییەکان.

کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.