Erbil 31°C شەممە 20 حوزەیران 08:23

ئەمڕۆ گەڕی چوارەمی دانوستانی ئێران و ئەمەریکا بەڕێوەدەچێت

کوردستان TV
100%

بڕیارە ئەمڕۆ گەڕی چوارەمی دانوستانی ئەمەریکا و ئێران لەبارەی پرۆگرامی ئەتۆمی ئەو وڵاتە لە مەسقەتی پایتەختی عومان بەڕێوەبچێت. بەر لە دیدارەکەش نوێنەری هەردوو وڵات لە میدیاکاندا لێدوانی دژ بەیەکیان بڵاوکردەوە.

 

رۆژی یەکشەممە 11ـی ئایاری 2025 عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند؛ "ئەمڕۆ لە مەسقەتی پایتەختی عومان گەڕی چوارەمی دانوستانەکانمان لەگەڵ ئەمەریکا بەڕێوەدەچێت" پێشتریش نوێنەری تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا رایگەیاندبوو کە ئەمڕۆ لەگەڵ ئێران کۆدەبنەوە.

 

ئەمەریکا و ئێران تاوەکو ئێستا سێ کۆبوونەوەیان ئەنجامداوە بۆ رێککەوتن لەسەر پرۆگرامی ئەتۆمی ئێران، بەڵام رۆژێک پێش کۆبوونەوەی چوارەم، ستیڤ ڤیتکۆف، سەرۆکی شاندی دانوستانکاری ئەمەریکا بە میدیاکانی وڵاتەکەی گوت کە پیتاندنی یۆرانیۆم لەلایەن ئێرانەوە هێڵی سووری واشنتنە.

 

ڤیتکۆف گوتی؛ "ئەگەر ئێران نیازی ئاشتیانەی لە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی هەیە، دەبێ بنکە ئەتۆمییەکانی نەتەنز، فیردۆ و ئیسفەهان لەناو ببات کە پیتاندنی یۆرانیۆمی تێدا ئەنجام دەدرێت، پێویستە ئەو سانتریفیوژانەش کە بۆ ئەو مەبەستە بەکاردەهێندرێن، هەرهەموویان هەڵبگیرێنەوە".

 

نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ ئەوەشی خستە روو؛ "بەو دۆخە هەستیارەی ئێستا ئێران تێیکەوتووە، با هەوڵ نەدەن سەرۆک ترەمپ تاقی بکەنوە، ئەوە کارێکی ژیرانە نییە و ئێران هیچ رێیەکی دیکەی لەبەر نییە جگە لە قبوڵکردنی رێککەوتن لەگەڵ ئەمەریکا بۆ داماڵینی چەکی ئەتۆمی".

 

چەند کاتژمێرێک دوای لێدوانی سەرۆکی شاندی دانوستانکاری ئەمەریکا، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران و سەرۆکی شاندی دانوستانکاری ئێران، پیتاندنی یۆرانیۆمی بە "مافی بێ ئەملا و ئەولا"ـی وڵاتەکەی زانی و گوتی؛ "ئامانجی واشنتن لەو دانوستانە بێبەشکردنی ئێرانە لە مافی ئەتۆمیی خۆی".

 

وەزیری دەرەوەی ئێران گوتی؛ "با ئەمەریکا بزانێت کە ئێمە یەک هەنگاویش لە مافەکانی خۆمان پاشەکشێ ناکەین، بەڵام ئەگەر ئامانجیان ئەوەیە کە ئێران دەستی بە چەکی ئەتۆمی رانەگات، ئەوا دەگەین بە رێککەوتن".

 

بڕیار بوو رۆژی دووشەممەی هەفتەی رابردوو گەڕی جوارەمی دانوستانەکانی ئەمەریکا و ئێران لە رۆمای پایتەختی ئیتاڵیا بەڕێوەبچێت، بەڵام وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا رایگەیاند؛ "بەهۆی کێشەی هونەری و لۆجەستیکی" دیدارەکە دوا دەخرێت بۆ کاتێکی دیکە.

 

پێشتر چەندین جار دۆناڵد ترەمپ هۆشداری داوەتە ئێران ئەگەر رێککەوتن نەکەن، "بۆردوومان دەکرێن" و رایگەیاندووە؛ "بە جۆرێک بۆردومان دەکرێن کە لە مێژوودا نەبینرابێت" ئێستاش سەرۆکی شاندی دانوستانکاری ئەمەریکا دەڵیت، ئەگەر ئەم کۆبوونەوەیە ئەرێنی نەبێت، ئامادە نین چیتر درێژەی پێبدەن.

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.