رۆژی چوارشەممەی هەفتەی رابردوو هیندستان و پاکستان هێرشیان کردە سەر یەکتر و دوای تێپەڕینی چوار رۆژ بەسەر گرژییەکانیان، بە ناوبژیوانی ئەمەریکا دوێنێ ئێوارە ئاگربەستی دوو لایەنەیان راگەیاند، بەڵام هگێشتا 24 کاتژمێر بەسەر رێککەوتنەکەدا تێنەپەڕیوە، هەردوو لا یەکتر بە پێشێلکردنی ئاگربەست تۆمەتبار دەکەن.
ئێوارەی رۆژی شەممە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا و مارک رۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا هەواڵی رێککەوتن و ئاگربەستی نێوان هیندستان و پاکستانیان بڵاوکردەوە و دواتر بەرپرسانی ئەو دوو وڵاتەش رایانگەیاند، لە کاتژمێر 17:00ـی ئێوارەوە ئاگربەستی نێوانیان دەست پێ دەکات.
رۆژی یەکشەممە 11ـی ئایاری 2025 ڤیکرام میسری، وەزیری دەرەوەی هیندستان لە کۆنفرانسێکی رۆژامەڤانیدا رایگەیاند؛ "پاکستان رێککەوتنی ئاگربەستی نێوانیانی پێشێل کردووە و بەو هۆیەوە فەرمانمان بە هێزە چەکدارەکانمان کردووە، لە ئەگەری دووبارەبوونەوەی، بە توندی وەڵام بدرێنەوە".
وەزیری دەرەوەی هیندستان گوتی؛ " ئێمە داوامان لە پاکستان ئەوەیە رێکاری گونجاو بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو پێشێلکارییانە بگرێتە بەر و بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ دۆخەکە بکات".
هاوکات وەزارەتی دەرەوەی پاکستان وێڕای دووپاتکردنەوەی پابەندیی وڵاتەکەی بە ئاگربەست، هیندستانی بە پێشێلکردنی رێککەوتنەکەیان تۆمەتبار کرد و رایگەیاند؛ "هێزەکانمان بە بەرپرسیاریەتیی و ئەوپەڕی دانبەخۆداگرتنەوە لەگەڵ دۆخەکە دەجووڵێنەوە".
وەزارەتی دەرەوەی پاکستان داوای دانبەخۆداگرتنی لە هێزە سەربازییەکانی ناوچەکەی کرد و دووپاتی کردەوە کە هەر پرسێکی پەیوەست بە ئاگربەست، دەبێت لەلایەن کەسانی گونجاو و ئاست بەرزەوە هەڵسەنگێندرێت.
شەوی رابردوو میدیاکان بڵاویان کردەوە کە لە هەردوو بەشی کەشمیری ژێر دەسەڵاتی هیندستان و پاکستان، بە درۆن و تۆپ هێرشیان کردووەتە سەر یەکتر، هاوکات سەرۆکوەزیرانی ناوچەی کەشمیری ژێر دەسەڵاتی هیندستان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاویکردەوە؛ "چی بەسەر رێککەوتنی ئاگربەستەکە هات؟".
عومەر عەبدوڵا، سەروەزیری کەشمیری ژێر دەسەڵاتی هیندستان نووسیویەتی؛ "لە هەموو شوێنێکی کەشمیر گوێت لە دەنگی تەقینەوە دەبێت، ئەوە هەرگیز پێی ناگوترێت ئاگربەست".
رۆژی چوارشەممەی هەفتەی رابردوو هیندستان نۆ ناوچەی لەناو خاکی پاکستان کردە ئامانج و هۆکاری هێرشەکەشی گەڕاندەوە بۆ هەڵکوتانەسەری گرووپێکی چەکداریی بۆ سەر کۆمەڵێک گەشتیاری هیندستانی لە کەشمیر کە بەهۆیەوە 26 گەشتیار گیانیان لەدەستدا، هەرچەند پاکستان رەتی کردەوە کە دەستی هەبووبێت لەو هێرشە.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ وەک تۆڵەسەندنەوە، فەرماندەی سوپای پاکستان بە ئامانجگرتنی چەند بنکەیەکی سەربازیی لە هیندستان بڵاوکردەوە و رایگەیاند؛ "ئەو هێرشانە ئامانجدار و بۆ وەڵامدانەوەی ئەو هێرشە بێ بنەمایەیە کە چوارشەممەی رابردوو هیندستان کردییە سەر خاکەکەمان".
بەهۆی شەڕی نێوان پاکستان و هیندستان کە هەردووکیان خاوەن چەکی ئەتۆمن، نزیکەی 52 کەس لە هەردوو لا کوژران و زیاتر لە 120 کەسی دیکە بریندار بوون.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.