سەرۆکی ئەمەریکا هۆشداری دەداتە ئەو وڵاتانەی نەوت لە ئێران دەکڕن و هەڕەشەی ئەوەیان لێ دەکات، ئەگەر نەوت لە ئێران بکڕن، سزا دەدرێن و ناتوانن مامەڵەی بازرگانی لەگەڵ ئەمەریکا بکەن.
ئەو لێدوانەی سەرۆکی ئەمەریکا دوای ئەوە هات کە گەڕی چوارەمی دانوستانی واشنتن و تاران بۆ یەکلاییکردنەوەی پرۆگرامی ئەتۆمی ئێران کە بڕیار بوو رۆژی دووشەممەی داهاتوو لە رۆما بەڕێوەبچێت، دواخرا.
دۆناڵد ترەمپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروس بڵاویکردووەتەوە؛ "هەر ئێستا دەبێ کڕینی نەوت و بەرهەمە پەترۆ کیمیاییەکانی ئێران رابگیرێن".
سەرۆکی ئەمەریکا دەشڵیت؛ "هەر وڵات یان کەسایەتییەک، نەوت یان بەرهەمی پەترۆ کیمیایی لە ئێران بکڕێت، راستەوخۆ دەچێتە ناو لیستی سزا لاوەکییەکان و بە هیچ جۆر و بابەتێک ناتوانێت لەگەڵ ئەمەریکا بازرگانی بکات".
دیار نییە سەرۆکی ئەمەریکا بە چ شێوەیەک ئەو بڕیارە جێبەجێ دەکات، بەڵام پێشتریش هەڕەشەی ئەوەی کردبوو کە گەمارۆی ئابووری دەخاتە سەر ئەو وڵاتانەی نەوت لە ئێران دەکڕن.
بەڕێوەبەرایەتیی زانیارییەکانی وزەی ئەمەریکا مانگی رابردوو لە راپۆرتێکدا بڵاوی کردەوە؛ "بەگوێرەی ئەو ئامارانەی لە بەدواداچوون بۆ کەشتییە نەوتهەڵگرەکان کراون، چین نزیکەی 90٪ـی نەوتی خاو و گازی شلی هەناردەکراوی ئێران دەکڕێت".
بەگوێرەی رابۆرتی مانگانەی ئۆپێک، ئێران لە مانگی نیساندا رۆژانە نزیکەی سێ ملیۆن و 335 هەزار بەرمیل نەوتی بەرهەمهێناوە و لە چاو مانگی پێشووتر بەرهەمهێنانی رۆژانەی 12 هەزار بەرمیل زیادی کردووە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.