پارێزگارانی هەولێر و تاران بۆ فراوانکردنی پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوانیان رێککەوتننامەیەکی نۆ خاڵییان واژوو کرد کە هەناردەکردنی خزمەتگوزاریی تەکنیکی، پزیشکی و تەکنەلۆجیا و چەند بوارێکی دیکە لەخۆ دەگرێت.
رێککەوتنەکە ئێوارەی رۆژی دووشەممە لە دیوانی پارێزگای تاران لە نێوان ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و محەمەدسادق موعتەمیدیان، پارێزگاری تاران واژوو کرا.
ئەمڕۆ سێشەممە 29ـی نیسانی 2025 پارێزگای هەولێر دەقی رێککەوتنە نۆ خاڵییەکەی بڵاوکردووەتەوە و ئامانجی رێککەوتنەکەشی بۆ پەرەپێدانى پەیوەندییەکان و بەرفراوانکردنى بەرژەوەندییە ئابوورییە هاوبەشەکان وەسف کردووە.
دەقی رێککەوتنە نۆ خاڵییەکەی نێوان پارێزگای هەولێر و تاران:
- ئاسانکاری بۆ پێدانی مۆڵەتی کارکردن بۆ هاووڵاتیانی هەردوو پارێزگا لە کاروباری بازرگانی و بانکیدا.
- بەهێزکردنی ڕاوێژکاریی بازرگانیی ئێران لە هەولێر.
- ئاسانکاری بۆ کاروباری گومرگی، ئەگەر بکرێت هەوڵەکانی هەولێر لەگەڵ بەغدا بۆ کەمکردنەوەی باجی گومرگی لەسەر کاڵا و بەرهەمە زانستییەکان.
- ئاڵوگۆڕی شاندی بازرگانی، ئەنجامدانی کۆنفرانس و پێشانگا، هەروەها ئاڵوگۆڕی ئاماری بازرگانی و زانیاری لە پێدانی لیستی کەلوپەل و مەرجە پەسەندکراوەکانی هەردوو پارێزگاکە.
- فراوانکردنی هاوکارییەکانی نێوان هەردوو پارێزگا لە بواری هەناردەکردنی خزمەتگوزاریی تەکنیکی و ئەندازیاریی بەتایبەتی لە پیشەسازیی بیناسازیی و دامەزراندن.
- فراوانکردنی هاوکارییەکانی نێوان هەردوو پارێزگا لەبواری گەشتوگوزاریی پزیشکی، هەناردەکردنی خزمەتگوزاریی فێرکاری، پزیشکی و دەرمان، ڕۆشنبیری و وەرزشی نێوان هەردوو پارێزگاکە.
- ڕاگەیاندنی ئامادەیی بۆ ئاڵوگۆڕی زانیاری توێژینەوە و دەستکەوتەکان لە بوارەکانی پیشەسازیی و بایۆتەکنەلۆجی، ئەندازیاری پزیشکی، پڕۆژەی زانستی و نانۆتەکنەلۆژیا، و ئاسانکاری بۆ وەرگرتنی قوتابیانی پارێزگای هەولێر لە پارێزگای تاران.
- ئەنجامدانی کۆبوونەوەی هاوبەشی وەرزی بە هەماهەنگی لەگەڵ بەرپرسانی هەردوو پارێزگای تاران و هەولێر لە ڕێگەی کەناڵە دیپلۆماسییەکان، بە هەماهەنگی کونسوڵخانەی گشتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەولێر و پەیوەندییەکانی حکومەتی هەرێم لەگەڵ ئێران.
- فراوانکردنی ئاڵوگۆڕەکان و جەختکردنەوە لەسەر ڕۆڵی بەشداریکردنی زانیارییە گشتییەکان و ڕێکخراوە ناحکومییەکان (NGOS).
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.