بەگوێرەی دوایین ئاماری تەقینەوەكەی دوێنێی شاری بەندەر عەباس لە ئێران، 40 كەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە 900 كەسی دیكەش بریندار بوون.
محەمەد ئاشووری پارێزگاری هورموزگان ئەمڕۆ یەكشەممە رایگەیاند: ژمارەی قوربانییان لە تەقینەوەكەی بەندەری شەهید رەجایی لە شاری بەندەر عەباس بۆ 40 گیانلەدەستدان و زیاتر لە 900 بریندار بەرزبووەتەوە.
ئاشووری بۆ تەلەفزیۆنی ئێران گوتی: لەنێو بریندارەكان 700 كەس چارەسەر كراون و رەوانەی ماڵەوە كراونەتەوە، بەڵام بەشێك لە بریندارەكان بەهۆی سەختی برینەكانیان تا ئێستا لە نەخۆشخانەكان ماونەتەوە.
هەروەها گوتی: هەوڵەكان بەردەوامن بۆ دۆزینەوەی تەواوی قوربانییەكان و هەروەها ناسینەوەی تەرمەكان، چونكە بەشێك لە تەرمەكان بەتەواوی سوتاون و ناسینەوەیان كارێكی زەحمەتە.
دوێنێ شەممە تەقینەوەیەكی گەورە لەنێو بەندەری شەهید رەجایی لە شاری بەندەر عەباسی ناوەندی پارێزگای هورموزگان لە باشووری ئێران كەوتەوە و تا ئێستاش هۆكاری رووداوەكە بەفەرمی رانەگەیەنراوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.