ئەمڕۆ چوارشەممە، 23-04-2025، بە ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی و نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ژمارەیەکی زۆر لە بەرپرسانی عێراق و کەسایەتییە ئایینی و سیاسی و کولتوورییەکانی ئەمەریکا و ئەوروپا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ڕۆژی نزای نیشتمانی لە کوردستان لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو.
سەرۆکی حکوومەت گوتارێکی بە زمانی ئینگلیزی پێشکەش کرد کە ئەمە دەقی گوتارەکەیە؛
خانمانی هێژا، برایانی بەڕێز
سەرکردە باوەڕدارەکان
هاوڕێ بەڕێزەکانم لە پەرلەمان و حکوومەت
ئەندامە بەڕێزەکانی نێردە و شاندە دیپلۆماسییەکان
میوانانی هێژا
ئێوارەتان باش و بەخێرهاتنێکی گەرمی هەمووتان دەکەم بۆ گەڕی سەرلەبەیانیی یەکەم ڕۆژی نزای نیشتمانیی کوردستان.
بەخێر بێن بۆ کوردستان، بەخێر بێن بۆ ئەو خاکەی بانگی نوێژ، زەنگی کڵێساکان و ئەو سروودە ئارامانەی لە پەرستگە دێرینەكانەوە سەرچاوە دەگرن، چەندین سەدەیە تیایدا دەنگیان داوەتەوە...
مایەی شانازییەکی مەزن و خۆشحاڵیی زۆرە كە ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی سەرکردە و کەسایەتییە ئایینیەکان، نوێنەری پێكهاتەكان، دیپلۆماتكاران و پێڕەوكارانی ئایینە جیاوازەکان، لەبەردەم ئێوەی بەڕێزدا وەستاوم... ئامادەبوونی ئێوە، ڕەنگدانەوەیەکی تەواوی ڕۆحی کوردستانە، كوردستانی خاکی فرەیی و پێکەوەژیانی ئاشتییانە و خۆڕاگری.
لە سەرەتای سەرهەڵدانی شارستانییەتەوە، کوردستان لانکەی کولتوور و ئایین و نەتەوەکان بووە. دەشت و دۆڵ و چیاکانی خاکەکەمان گەواهیدەری سەرهەڵدان و بەیەکەوەژیانی چەندان باوەڕی جیاواز و نەتەوە و پێكهاتە و گرووپی مرۆیی جیاواز بووە. لێرە، لەم خاكەدا بیروباوەڕەکان بە فۆرمە تایبەت و جیاوازەکانی خۆیان گەشەیان کردووە. خەڵک لەسەر ئەم خاكە لە پاشخانی نەتەوەیی جیاوازەوە، شان بە شانی یەکدی، به ڕێز و شکۆوە پێكەوە ژیاون.
لە مێژووی نزیکماندا، گەلەکەمان بەبێ جیاکاریی نەتەوەیی، یاخود ئایینی، ڕووبەڕووی ئاڵنگاریی گەورە بووەتەوە، ڕژێمی زۆرداری سەدام حوسێن، لە ئەشكەنجەدان و چەوساندنەوەدا، هیچ جیاکارییەكی نەکرد لەنێوان کورد، عەرەب، تورکمان، ئاشووری و کلدانییەکاندا، وەک چۆن جیاوازیی لە چەوساندنەوەی موسڵمان، کریستان و ئێزدییەکانیشدا نەدەکرد. لە هەڵمەتە پڕتوندوتیژی و کۆمەڵکوژییەکانیدا، هەوڵی پاكتاوكردن و سڕینەوەی ناسنامە و بێدەنگکردنی ئەوانەی دەدا کە دژی ڕژێمەکەی بوون.
نزیکتر لەو مێژووە، جارێکی دیکەش داعشی تیرۆریست و دڕندە، پێكهاتەكانی ئەم گەلەی بەبێ جیاوازی کردە ئامانج. کڵێساکانی سوتاند، پەرستگەی ئێزدییەکانی خاپوور کرد و خوێنی خەڵكی بێتاوانی ڕشت.
بەڵام سەرباری هەموو ئەو رووداوانە، لەو ڕۆژگارە سەخت و ڕەشانەدا، ڕۆحی کوردستان و خەڵکەکەی چۆکیان دانەدا. پێشمەرگە قارەمانەکان، کوڕ و کچەکانمان بۆ بەرگریکردن لە هەموو پێكهاتەكان ڕووبەڕووی داعش بوونەوە، نەک تەنیا وەک سەربازی پێڕەوكارانی یەک باوەڕ و ئەندامانی یەك نەتەوە، بەڵکوو وەک پارێزەران و بەرگریكاران لە هەموو خەڵكی کوردستان و عێراق و هەموو مرۆڤایەتی، ڕابوون.
پێشمەرگە موسڵمانەکان، هاوشان ز لە یەك سەنگەردا لەگەڵ برا سەربازە ئێزدی و کریستیانەکان شەڕیان دژی داعش کرد، هەر یەکەیان ئامادە بوون ڕووبەڕووی مەرگ ببنەوە بۆ ئەوەی ئەم مزگەوتە بانگی تێدا بدرێت، ئەم کڵێسایه زەنگی تێدا لێ بدرێت، پەرستگەی ئێزدییەکان بە شکۆداری بمێننەوە و پێڕەوكارانی هەموو بیروباوەڕ و ئایینە جیاوازەكانی بە ئازادی و بەبێ ترس سەرلەنوێ سرووتەكانیان بەڕێوە بەرن و پەرستش بکەن.
ئەمڕۆ، حکوومەتی هەرێمی کوردستان پابەندە بەم ئەرکە پیرۆزەیەوە، ئێمە تەنیا خانوو و شارەکان بونیات نانێینەوە، بەڵکوو پەیمانمان نوێ دەکەینەوە بۆ پاراستنی ئازادیی ئایینی، پەرەپێدانی پێکەوەژیان و بەهێزکردنی ئاشتی لە هەموو سووچێکی خاکەکەمان.
شانازی بەوەوە دەکەین كە شاری عەنکاوە، لێرە لە هەولێر، تاکە شاری کریستیانشینە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا كە گەورەبوون و فراوانبوون بەخۆیەوە دەبینێت و ژمارەیان ڕوو لە زیادبوونە، چونكە ژمارەی دانیشتوانی عەنكاوە لە ساڵی 2011-ەوە تا ئێستا، بووەتە دوو هێندە. ئەمەش بەڵگەیە لەسەر پابەندبوونمان بە فرەیی و پێکەوەژیان. لە هەمان کاتدا، كار لە بونیاتنانەوەی شوێنە پیرۆزەکانی خوشک و برا ئێزدییەکانماندا دەكەین، هاوکات پارێزگاری لە مزگەوت و کڵێسا و پەرستگەکانی تەواوی پێكهاتەكان دەکەین.
هاوشان لەگەڵ ئەم سێ باوەڕە سەرەکییەی ئاماژەم پێدان، کوردستان نیشتمانی زۆر لە ئایینەکانی دیکەیە، لەنێویشیاندا، کاکەیی، زەردەشتی، جوو و بەهائی. حکوومەتەکەمان كارایانە و چالاکانە کار دەکات بۆ بونیاتنانی مزگەوت، کڵێسا و پەرستگەی زیاتر، بۆ ئەوەی دڵنیا بینەوە هەموو دانیشتوانمان مافی بەڕێوەبردنی سرووتەكانیان و بەجێگەیاندنی ئەركە ئایینیەكانیان، بە ئاشکرا و بە سەلامەتی پارێزراوە.
بواری پەروەردەش بە هەمان شێوە ڕۆڵێکی گرنگ لە داڕشتنی داهاتوویەکی تەبا و هاوسەنگ دەگێڕێت، بۆیە چاکسازی لە پرۆگرامی خوێندنی قوتابخانەکانماندا دەکەین بۆ ئەوەی ڕەنگدانەوەی سرووشتی ڕاستەقینەی هەمەچەشنی و گشتگیریی کوردستان بێت. منداڵەکانمان تەنیا فێری نەریتەکانی خۆیان ناکەین، بەڵکوو نەریتی دراوسێکانیشیان فێر دەکەین بۆ ئەوەی کاتێک گەورە بوون، ڕێز لە یەکدی بگرن و بەیەکەوە ئاهەنگ بگێڕن.
لە پەرلەمان و حکوومەت و دامەزراوە گشتییەکاننماندا، پێڕەوكارانی بیروباوەڕە ئایینییە جیاوازەكان و پێكهاتە و نەتەوەکان، نوێنەرایەتییان هەیە و بەم شێوەیە بەردەوام دەبێت. ئەم فرەکولتوورییە ئالنگارییەک نییە، بەڵکوو بەهێزییەکە لە بونیاتنانی کوردستانێکی پڕ ئاشتی، دیموکراتی و گەشەسەندوودا پشتمان پێی بەستووە.
دیدگای ئێمە بۆ کوردستان ڕوونە: هەرێمێک تێیدا پێڕەوكارانی هەموو بیروباوەڕەكان و پێكهاتە و نەتەوەکان بە سەربەستی بژین تیایدا، پێكەوە هەماهەنگیی تەواومان هەبێت و لە ئایندەی هاوبەشماندا هیوا بدۆزینەوە. پێویستە وەک بناغەی کۆمەڵگەیەکی خۆشگوزەران، خۆڕاگر و لێبوردە، جیاوازییەکانمان ببینین نەک جیاکارییەکان.
بۆ هەموومان جێگەی شانازی بوو کاتێک 2011 پاپا فرانسیس سەردانی هەولێری کرد و کۆبوونەوەیەکی گەورەی لە یاریگەی فرەنسۆ هەریری ساز کرد، تێیدا هەزاران کەس بەشدارییان کرد. لە کۆبوونەوەم لەگەڵ بەڕێزیان لە هەولێر و لە ڕۆما، درکم بە پابەندبوونی ئەو بە ئاشتی و لێکگەیشتن کرد. هەموومان خەمبارین بە کۆچی دوایی بەڕێزیان و نزا دەکەین میراتییەكەی هانی یەکڕیزی بدات لەنێوان هەموو گەلانی جیهاندا.
هەر بۆیە ئەمڕۆ لێرە کۆ بووینەوە، بە باوەڕداری و نیازباشی یەکمان گرتووە، بەیەکەوە نزا دەکەین.
نزا بۆ ئەو بێتاوانانە دەکەین كە هێشتا گێرۆدەی ئازارن.
نزا بۆ ئەوانه دەکەین كە بەهۆی باوەڕیانەوە هێرشیان کراوەتە سەر و پەلامار دراون، بەڵام هەرگیز لەناو نەچوون.
نزا بۆ ڕۆحی شەهیدانمان دەکەین.
لە یەك كاتدا نزا بۆ کوردستان، عێراق، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهانێک دەکەین كە تێیدا پێویست نەکات هیچ کەسێک بەهۆی بیروباوەڕیەوە، یان بەهۆی ئەو زمانەیەوە كە پێی دەدوێت، یان ئەو خاك و نیشتمان و وڵاتەی لە دڵیدا هەڵیگرتووە، گیرۆدە بێت.
هیواخوازین گەڕی سەرلەبەیانیی یەکەم ڕۆژی نزای نیشتمانیی کوردستان ببێتە نەریتێک، پەیوەندییەکانی نێوانمان بەهێزتر بکات و ببێتە رۆشناییەكی هاوبەش و یەكگرتوو بۆ نەوەکانی داهاتوو...
زۆر سوپاس

کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.