Erbil 32°C سێشەممە 22 نیسان 16:11

ئاسایشی هەولێر ڤیدیۆی دانپێدانانی توانای FX بڵاودەکاتەوە

100%

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر دانپێدانانی خاوەنی کۆمپانیایەک بڵاودەکاتەوە کە رۆژی 10ـی نیسان بە تۆمەتی "فریودان و هەڵخەڵەتاندنی گەنجان و بانگەشە کردن بۆ دراوی ئەلیکترۆنی" دەستگیر کرابوو.

شەوی رابردوو بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر ڤیدیۆی دانپێدانانی خاوەنی کۆمپانیای FXـی بڵاوکردەوە کە تیایدا دان بەوەدا دەنێت بۆ هەڵخەڵەتاندنی خەڵک بۆ ئەوەی پەیوەست بە مامەڵەکردن بە دراوی ئەلیکترۆنی ببن لە کۆمپانیاکەی، لەناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بانگەشەی ناڕاستی کردووە.

توانا سەعید، خاوەنی کۆمپانیای ئێف ئێکس دەڵێ، کۆمپانیاکەی فەیکە و خاوەنی ئەو بڕە پارەیە نەبووە کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان باسی کردووە.

رۆژی 8ـی نیسانی 2025، بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی ئابووری سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایشی هەولێر بڵاویکردەوە، مامەڵەکردن بە هەموو جۆرەکانی دراوێکی ئەلیکترۆنی و کانزایی فۆڕێکس و USDT قەدەغەیە و کۆمپانیاکانیشیان مۆڵەتی رەسمییان نییە و هیچ یاسا و رێنماییەکیش بۆ رێکخستنی ئەم چالاکییانە نییە.

بەڕێوەبەرایەتییەکە ئاماژەی بەوەش کردبوو؛ "ئەو کۆمپانیایانەی لەژێر ناوی جیاواز خولی فێربوونی مامەڵەکردن بە دراوە ئەلیکترۆنییەکان دەکەنەوە یاسایی نین" و داوای لە هاووڵاتییان کردبوو؛ "خۆیان بەدووربگرن بە مامەڵەکردن بەو جۆرە دراوانەوە، هاوکات کۆمپانیاکان لە سۆشیال میدیا ریکلام بۆ ئەو جۆرە مامەڵانە نەکەن بە پێچەوانەوە رووبەڕووی رێککاری یاسایی دەبنەوە".

هاوکات، رۆژی 10ـی نیسانی 2025، ئاسایشی هەولێر رایگەیاند؛ " تۆمەتبار (ت، س، ع) خاوەنی کۆمپانیای توانا ئیف ئێکسمان بە تۆمەتی فریودان و هەڵخەڵەتاندنی گەنجان و بانگەشە کردن بۆ دراوی ئەلیکترۆنی فۆڕێکس-FOREX) لە ڕێگەی بلاو کردنەوەی گرتەڤیدۆیەکانی دەستگیر کرد".
 ئاسایشی هەولێر لە راگەیەنراوەکەیدا گوتبووی؛ "دوای لێکۆڵینەوە دەرکەوت هیچ مۆلەتێکی دامەزراندن و تۆمار کردنی کۆمپانیای نیە".

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.