Erbil 30°C دووشەممە 21 نیسان 16:54

پاپا فرەنسیس "لیبراڵترین پاپای مێژوو" کۆچی دوایی کرد

100%

پاپا فرەنسیس، رێبەری کاسۆلیکەکانی جیهان لە تەمەنی 88 ساڵیدا لە ڤاتیکان کۆچی دوایی کرد، ناوی تەواوەتی خۆرخێ ماریۆ بێرگۆلیۆ بوو و رۆژی 17ـی دیسەمبەری ساڵی 1936 لە بۆینسئایرسی پایتەختی ئەرجەنتینا هاتووەتە دنیا. بنەماڵەی پاپا فرەنسیس لە ئیتالیاوە بۆ ئەرجەنتین کۆچیان کردبوو.

 

پاپا فرەنسیس کە زیاتر وەکو "لیبراڵترین پاپای مێژوو ناسرابوو، لە ئەمەریکای لاتین گەورە بووە و یەکەم پاپا بوو لە مێژوودا کە ئەوروپایی نەبوو، شارەزای چەندین زمان بوو، سەرەتا بەشی کیمیا و دواتر زانستە دینییەکانی تەواوکردبوو.

 

پاپا فرەنسیس لە ساڵی 1958 چووە نێو کۆمەڵگەی "یەسوعی" کە خۆیان وەکو سەربازانی دین پێناسە دەکەن و ساڵی 1969 گەیشتە پلەی قەشەیی. سەرەتای ساڵی 1998 وەکو سەرۆکی ئۆسقوفەکانی بۆینس ئایرس دەستنیشان کرا و ساڵی 2001 لەلایەن پاپا جان پۆلی دووەم پلەی کاردیناڵی پێ بەخشرا، دواتر لە ساڵی 2013 دوای کشانەوەی پاپا بەندیکێتی شازدەیەم، بە پاپا هەڵبژێردرا و ناسناوی فرەنسیسی بۆخۆی دانا.

 

پاپا کە لە منداڵیدا بەشێک لە سییەکانی لەدەستدابوو، لە رۆژەکانی کۆتایی تەمەنیدا تووشی نەخۆشیی ئاوسانی سییەکانی بووبوو و هەر بەو نەخۆشییەش بەرەبەیانی ئەمڕۆ کۆچی دوایی کرد.

 

پاپا فرەنسیس رۆحانییەکی بێ دەعیە بوو، کەسێکی خاکەڕا کە هەمیشە دەیگوت من خۆم بە شایەنی پلەی پاپا نازانم. لەسەر ئەو بڕوایە بوو کە تیۆری بیگ بانگ لەگەڵ رێنوێنییەکانی ئاین دژبەیەک نین و دەیگوت نابێ خودا بخەینە بازنەی جادووگەرییەوە، کە بە گۆچانێکی جادوویی توانای ئەنجامدانی هەموو کارێکی هەیە و پێی وا بوو شەیتان لە مرۆڤ ژیرتر بووە.

 

پاپا فرەنسیس ئورشەلیمی وەکو شوێنی پێکەوەگرێدانی سێ دینی ئاسمانی دەزانی و داوای دوو وڵاتی سەربەخۆی بۆ فەلەستین و ئیسرائیل دەکرد و پێیوابوو لەو رێگەیەوە ئاشتی نێوانیان مسۆگەر دەبێت، ڤاتیکان هەر بە سەرۆکایەتی پاپا فرەنسیس دانی بە دەوڵەتی سەربەخۆی فەلەستین نا.

 

سەردانی کۆمەڵێک وڵاتی کرد کە پاپاکانی پێش خۆی هەرگیز بیریان نەکردبووەوە سەردانیان بکەن، ئەو چووە باشووری سوودان، وڵاتێک کە شەڕ کاولی کردبوو و کەس ئاوڕی لێ نەدەدایەوە، لەوێ قاچی دوو لایەنی شەڕەکەی ماچ کرد، ئەو کارەی لە ئیتالیاش کرد و قاچی مێرمنداڵێکی ناو زیندانی شۆرد و وشکی کردەوە و دواتر ماچی کرد.

 

هاوکات سەردانی وڵاتانی مسوڵمانی کرد، لەوانە عێراق و ئەندەنۆزیا، لە عێراقەوە هاتە هەرێمی کوردستان و لە یاریگای فرەنسۆ هەریری بەشداری لە رێورەسمی ئاینی رۆژی یەکشەممەی مەسیحییەکان کرد و تیایدا گوتارێکی پێشکێش کرد، هەر لەو سەردانەیدا لەگەڵ سەرۆک مەسعود بارزانی و سەرکردەکانی دیکەدا کۆبوویەوە.

 

پاپا فرەنسیس خەمی کۆمەڵگە جیاوازەکانی جیهانی لە ئەستۆ دەگرت و کاردانەوەی بەرامبەر قەیرانەکان پێشان دەدا، بۆ نموونە هاوخەمی خۆی بەرامبەر کوردانی ئێزدی لەدوای هێرشی داعش پێشاندا و خەمی مسوڵمانە ئیغورەکانی چینی گرتبووە کۆڵ.

 

یەک لە کارە هەرە قورسەکانی پاپا فرەنسیس نەهێشتنی منداڵئازاری لە کەنیسەکان بوو، کۆمەڵێک ئوسقۆف کە تۆمەتباربوون بە منداڵ ئازاریی، لە کارەکەیان دووری خستنەوە، لەڕووی داراییشەوە کۆمەڵێک چاکسازی ئەنجامدا و وەرگرتنی خەڵاتی زیاتر لە 40 دۆلاری بۆ قەشەکان قەدەخە کرد و مووچەی کاردیناڵەکانی کەم کردەوە.

 

ئەمڕۆ پاپا فرەنسیس لە تەمەنی 88 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد. بەپێی نەریت، مستیلەکەی لە پەنجە دەردەهێنن و دەرگای ماڵەکەی بۆ هەمیشە دادەخرێت، دوای رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی لە کەنیسەی سیستین رێوڕەسمی دەستنیشانکردنی پاپای نوێی ڤاتیکان بەڕێوەدەچێت و جێگرەوەکەی دیاری دەکرێت.

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.