کۆنترین و دەگمەنترین کتێب لە 17یهمین پێشانگای نێودەوڵەتیی ھەولێر بۆ کتێب نمایش كراوه، کتێبەکە لە ئینجیل و تەوڕات پێکھاتووە، ڕەنگاوڕەنگە و تەمەنی 200 ساڵە، ئەم کتێبە لە وڵاتی بەریتانیا چاپکراوە.
ئاژانسی (ئهنادۆڵ)ی توركیا بڵاویكردووهتهوه، کتێبێکی ئایینیی ئینجیل و تەوڕات کە لە بەریتانیا چاپکراوە و تەمەنی 200 ساڵە، بووەتە کتێبێکی مێژوویی بەرچاو. چونکە چاپی دەقی ئایینی بەتایبەت لە بەریتانیا مێژوویەکی دوور و درێژ و دەوڵەمەندی ھەیە و کتێبێکی وەھا کۆن دەتوانێت تێڕوانینێک بۆ پەرەسەندنی تەکنیکەکانی چاپی ئەو سەردەمە نیشان بدات.
کتێبەکە لە 17یهمین پێشانگای نێودەوڵەتی ھەولێر بۆ کتێب نمایشکراوە و ھیچ نرخێکی بۆ فرۆشتن لەسەر دانەنراوە، بەڵکو دەبێتە موڵکی ئەو کەسەی کە دەتوانێت لە داھاتوودا بیپارێزێت.
ئهوهش خراوهتهڕوو، تا ساڵێک بەر لە ئێستا لەلایەن بنەماڵەیەکی گەورەی ئەو وڵاتەوە پارێزراو بووە و دواتر بە بەدەست چاڵاكوانێكی كورد گەیشتووە و ئێستا لە پێشانگا نمایشكراوه، بەڵام بۆ فرۆشتن نا.
به گوێرهی زانیارییهكان، کتێبەکە هەزار و 300 لاپەڕەیە و لە سێ بەش پێکھاتووە، بەشی یەکەم بریتییە لە شیکردنەوەی ھەندێک وشەی نێو کتێبەکە، بەشی دووەم بریتییە لە تەوڕات و بەشی سێیەم بریتییە لە ئینجیل، ھەمووی بە چاپێکی جوان و ڕوون نوسراوەتەوە و تا ئێستا دەستکاریی ھیچ شتێکی نەکراوە.
لە ناوەڕاستی کتێبەکە چەند لاپەڕەیەک بۆ تێبینی دیزاینکراوە، كه نەوەکانی ئەم بنەماڵەیە لە ساڵی 1832 بە دواوە، ناو و زانیاری بنەماڵەکەیان تێدا نوسیووەتەوە تا ساڵانی حەفتاکان نوسینی زانیارییەکان بەردەوامی ھەبووە، بەڵام لەوە بە دواوە ھیچ لێ نەنوسراوەتەوە و نەوەکانی دوای ساڵانی حەفتاکان خۆیان نەناساندووە.
ئهیمهن عهبدولقادر كه خاوهنی كتێبهكهیه به ئاژانسی ئهنادۆڵی توركیای راگهیاندووه : کتێبەکە بە زمانی ئینگلیزی نوسراوەتەوە، لاپەڕەکانی بە ئاوزێڕکراون، ئێمە لە بەریتانیا شوێنێکمان ھەیە ھەموو ئەو شتانەی لێ ھەڵدەگرین کە کۆن و دەگمەن و دانسقەن، بەڵام ئەم کتێبەمان ھێناوەتە پێشانگای نێودەوڵەتیی ھەولێر و نایفرۆشین، بەڵکو دەمانەوێت بیبەخشین بەو کەسەی کە دەتوانێت بیپارێزێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.