Erbil 18°C یەکشەممە 20 نیسان 00:31

کارمەندێکی تەندروستی کەرکووک بە تای خوێنبەربوون گیانی لەدەستدا

100%

لە کەرکووک دوای گیانلەدەستدانی قەسابێک بەهۆی تووشبوون بە تای خوێنبەربوون، ئەمڕۆ کارمەندێکی تەندروستی نەخۆشخانەی گشتی ئەو شارەش بەو نەخۆشییە گیانی لەدەستدا.

 

رۆژی شەممە 19ـی نیسانی 2025 زیاد ئەحمەد نوێنەری پارتی دیموکراتی کوردستان لە فەرمانگەی تندروستی کەرکووک بە هەڵۆ جەباری، پەیامنێری کوردستان تیڤی راگەیاند؛ "کاتژمێر چواری بەرەبەیانی ئەمڕۆ کارمەندێکی تەندروستی نەخۆشخانەی گشتی کەرکووک بەهۆی تای خوێنبەربوونەوە گیانی لەدەستدا".

 

زیاد ئەحمەد گوتی؛ "کارمەندەکە ناوی یادگار نوورییە و کوردە. تەمەنی 22 ساڵە، خەڵکی شارەدێی شوانە و دوو رۆژ پێش ئیستا تووشی تای خوێنبەربوون بووە".

 

یادگار نووری لە بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەی گشتیی کەرکووک پەرستار بووە و لە تووشبوویەکی دیکە کە لەو نەخۆسخانەیە خەوێندراوە، نەخۆشییەکەی بۆ گواستراوەتەوە.

 

لە کەرکووک دوو تووشبووی تای خوێنبەربوون تۆمارکرابوون کە یەکێکیان ئاژەڵدارە و ئەوی دیکەیان قەساب بووە، رۆژی چوارشەممەی رابردوو قەسابەکە گیانی لەدەستدا، بە گیان لەدەستدانی ئەو کارمەندەی تەندروستی، ئەم ساڵ دوو کەس لە کەرکووک بەهۆی تای خوێنبەربوونەوە گیانیان لەدەستداوە.

 

تای خوێنبەربوون لە رێگەی ئاژەڵ و مێشوولەوە دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ و بەگوێرەی ئامارەكانی رێكخراوی تەندروستی جیهانی و وەزارەتی تەندروستی عێراق، تای خوێنبەربوون نەخۆشییەكە ماوەیەكی زۆرە لە عێراق و ناوچەكەدا هەیە و یەكەم دەركەوتنیشی لە عێراق دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1979 كە بە فەرمی تۆمار كرابێت.

 

فەلاح خەلیل یایچی، قایمقامی قەزای ناوەندی کەرکووک بە میدیاکانی راگەیاند؛ ئەمڕۆ هەڵمەتێکی فراوان دەکەن بۆ رێگری و قەدەخەکردنی سەربڕینی ئاژەڵ بە شێوەیەکی هەڕەمەکی، دەستبەسەرداگرتنی گۆشتی بێ مۆڵەت و بەخێوکردنی ئاژەڵان لە گەڕەکەکان.

تەندروستی

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.