Erbil 18°C یەکشەممە 20 نیسان 00:33

ترەمپ: پەلەم نییە بۆ هێرشکردنە سەر ئێران

کوردستان TV
100%

سەرۆکی ئەمەریکا رۆژێک بەر لە دووەم کۆبوونەوەی شاندی وڵاتەکەی لەگەڵ ئێران دەڵێت؛ هەست دەکەم ئێران حەزی لە دانوستان بێت، بۆیە "پەلەم نییە بۆ هێرشکردنە سەریان".

 

رۆژی هەینی 18ـی نیسانی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە وەڵامی رۆژنامەنووسێک کە لێی پرسی ئایا تۆ هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران راگرتووە، گوتی؛ "من ناڵێم ئەو هێرشە رەتدەکەمەوە، تەنیا دەڵێم هیچ پەلەم نییە بۆ هێرشکردن، لەبەر ئەوەی پێموایە ئێران دەرفەتی هەیە بۆ ئەوەی ببێت بە وڵاتێکی گەورە".

 

رۆژنامەی نیۆیۆرک تایمز لە راپۆرتێکدا ئاشکرا کردووە کە ئیسرائیل پلانی تۆکمەی داڕشتبوو بۆ ئەوەی هێرش بکاتە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران، بەڵام دۆناڵد ترەمپ رێگری لەو هێرشە کردووە.

 

ئەو لێدوانەی ترەمپ لە کاتێکدایە سبەی شەممە 19ـی نیسان، شاندی دانوستانکاری ئێران و ئەمەریکا بە ناوبژیوانی عومان، لە رۆمای پایتەختی ئیتالیا دووەم کۆبوونەوەیان ئەنجامدەدەن.

 

بەرپرسانی باڵای ئەمەریکا دەڵێن رێککەوتنی ئێران و ئەمەریکا کاتێک واژۆ دەکرێت، کە ئێران بە تەواوەتی دەستبەرداری پیتاندنی یۆرانیۆم بووبێت. بەڵام ئێران بە فەرمی رایگەیاندووە کە ئەوان گفتوگۆ لەبارەی راگرتنی پیتاندنی یۆرانیۆم رەتدەکەنەوە و گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێرانیش دەڵیت، "ئێمە پیتاندنی یۆرانیۆم بە مافی خۆمان دەزانین".

 

بەگوێرەی راپۆرتی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، ئێران ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆمی گەیاندووەتە سەروو 8٪، ئەوە لەکاتێکدایە ستیڤ ویتکۆف، نوێنەری ترەمپ و سەرۆکی شاندی دانوستانکاری ئەمەریکا لەگەڵ ئێران دەڵێت، تاران پێویستی بەوە نییە ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆم لە 3.67٪ بەرزتر بکاتەوە و گوتیشی؛ "ئێران دەبێ بەرزکردنەوەی پیتاند و بە سەربازیکردنی پرۆگرامە ئەتۆمییەکەی رابگرێت".

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.