ئەمڕۆ پێنجشەممە محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق لەگەڵ ئەحمەد شەرع سەرۆك كۆماری سووریا لە وڵاتی قەتەڕ كۆبوونەتەوە.
حكوومەتی عێراق بڵاوی كردۆتەوە: ئەمڕۆ پێنجشەممە محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق سەردانێكی بەپەلەی بۆ قەتەڕ ئەنجامداوە و لەوێ لەگەڵ شێخ تەمیم بن حەمەد ئالسانی میری قەتەڕ و ئەحمەد شەرع سەرۆك كۆماری سووریا كۆبووەتەوە.
بڵاویشی كردۆتەوە: كۆبوونەوە سێ قۆڵییەكە بەهۆی رووداوە خێراكانی ئەم دواییەی ناوچەكە و سووریا ئەنجامدراوە و تێیدا سەرۆك وەزیرانی عێراق جەختی كردۆتەوە كە لە نزیكەوە چاودێری گۆڕانكارییەكانی سووریا دەكەن.
سوودانی هەروەها رایگەیاندووە: هەڵوێستی عێراق سەبارەت بە سووریا جێگیر و نەگۆڕە ئەویش جەختكردنەوەیە لە پڕۆسەی سیاسی و هەروەها رێزگرتن لە سەرجەم پێكهاتە نەتەوەیی و كۆمەڵایەتی و ئایینییەكان و مافەكانی مرۆڤ.
سەرۆك وەزیرانی عێراق جەختیشی كردۆتەوە كە پێویستە حكوومەتی نوێی سووریا بە كردەیی هەنگاو بنێت بۆ رووبەڕبوونەوەی تیرۆر و چەكدارانی داعش.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.