لە یادی 38 ساڵەی کیمیابارانکردنی بالیسان و شێخوەسانان و دۆڵی خۆشناوەتی لەلایەن رژێمی بەعسی عێراقییەوە، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پەیامێک بڵاودەکاتەوە و رێز لە خەبات و قوربانیدانی خەڵکی ئەو ناوچانە دەگرێت.
رۆژچوارشەممە 16ـی نیسانی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا رایگەیاند؛ "ئەمڕۆ 38 ساڵ بەسەر کیمیابارانکردنی بالیسان و شێخ وەسانان و دۆڵی خۆشناوەتیدا تێدەپەڕێت".
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت؛ "بە ڕێز و شکۆوە یادی شەهیدانی ئەو کۆمەڵکوژییە دەکەینەوە و هەرگیز ئازارەکانیان لەبیر ناکەین".
لە کۆتایی پەیامەکەی مەسرور بارزانیدا هاتووە: "خەبات و قوربانیدانی خەڵکی ئەم دەڤەرە نیشتمانپەروەر و تێکۆشەرە مایەی ڕێز و پێزانینێکی زۆرە".
16ـی نیسانی 1987 ڕژێمی بەعسی عێراق، بە چەکی کیمیایی بۆردمانی گوندەکانی دۆڵی خۆشناوەتی، بەتایبەت بالیسان و شێخ وەسانانی کرد و لە ئەنجامدا دەیان شەهیدی لێ کەوتەوە. هەروەها، ژمارەیەک لە بریندارەکان لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە زیندەبەچاڵکران و لە دوای ڕاپەڕین و ئازادکردنی هەرێمی کوردستان ڕووفاتی ژمارەیەک لەو شەهیدانە لە گۆڕێکی بەکۆمەڵ لە گۆڕستانی کارگەی قیڕی هەولێر دۆزرانەوە و گەڕێنرانەوە بۆ زێدی خۆیان و بە خاک سپێردرانەوە.
کیمیابارانکردنی بالیسان و شێخ وەسانان، یەکەم تاقیکردنەوەی ڕژێمی بەعس بوو لە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لە هەرێمی کوردستاندا و دواتریش لە ساڵی 1988دا جارێکی دیکە ناوچەکە کیمیاباران کرایەوە و بەگشتی زیاتر لە 280 شەهید لە ئەنجامی ئەو تاوانانەدا کەوتوونەتەوە.
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان تا ئێستا زیاتر لە 300 برینداری چەکی کیمیایی دەڤەری بالیسان و شێخ وەسانان شوێنەواری کیمیایی لە جەستەیاندا ماوەتەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.