ئهمڕۆ دووشهممه مهكتهبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان بهبۆنهی تێپهڕاندنی پرۆژهیاسای به پارێزگابوونی ههڵهبجه له ئهنجوومهنی نوێنهرانی عێراق، پهیامێكی پیرۆزبایی بڵاوكردهوه.
مەكتەبی سیاسی پارتی لە پەیامە پیرۆزباییەكەدا رایگەیاند "هەڵوێستە کردارییەکانی سەرۆک بارزانی و سەرۆکایەتی هەرێم و حکوومەتی هەرێمی کوردستان بوونە هەوێنی دەنگدان بە پڕۆژەیاسای بە پارێزگابوونی هەڵەبجە".
مەكتەبی سیاسی پارتی هەروەها رایگەیاند "سوپاس و دەستخۆشیمان بۆ فراکسیۆنە کوردستانییەکان و سەرجەم ئەو فراکسیۆن و پەرلەمانتارانە هەیە کە ڕۆڵیان هەبوو لەم بڕیارە پێویست و گرنگەدا".
ئەمەی خوارەوە دەقی پەیامەكەی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستانە:-
بەبۆنەی پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای بەپارێزگابوونی شاری هەڵەبجە لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی فیدراڵ، پیرۆزبایی گەرم ئاراستەی هاووڵاتییانی هەڵەبجە و کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان بە تایبەتی دەکەین، جێگەی خۆشحاڵیمانە کە شاری هەڵەبجە بە فەرمی بوو بە چوارەمین پارێزگای هەرێمی کوردستان و 19هەمین پارێزگای عێراق.
هەڵەبجە شاری شەهیدانە و هێمای خۆڕاگریی و خۆنەچەماندنی گەلێکه.
ئێمه له پارتی دیموکراتی کوردستان سوپاس و دەستخۆشیمان بۆ فراکسیۆنە کوردستانییەکان و سەرجەم ئەو فراکسیۆن و پەرلەمانتارانە هەیە کە ڕۆڵیان هەبوو لەم بڕیارە پێویست و گرنگەدا، ئەم بڕیارە بایەخ و کاریگەری یەک هەڵوێستی فراکسیۆنە کوردستانییەکانی لە بەغدا زیاتر نیشان دا، بۆیە جارێکی دیکە جەخت لە یەکڕیزی و یەکهەڵوێستی گەلەکەمان و سەرجەم کورستانیان دەکەینەوە لەپێناو گەیشتن بە تەواوی ئامانج و مافە ڕەواکانمان.
جێگەی ئاماژەیە، لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا سەرۆک بارزانی هەوڵەکانی خۆی بۆ بە پارێزگابوونی هەڵەبجە چڕکردەوە، هەنگاو و هەڵوێستە کردارییەکانی جەنابی (سەرۆک بارزانی) و سەرۆکایەتی هەرێم و حکوومەتی هەرێمی کوردستان بوونە هەوێنی دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای بە پارێزگابوونی هەڵەبجە، ئەمڕۆ بە فەرمیی هەڵەبجە پارێزگایەکی کوردستان و عێراقە.
هیوادارین حکوومەتی فیدراڵی عێراق و ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق هەنگاوەکانیان بۆ جێبەجێکردن و فەراهەمکردنی دادپەروەری بێت لەنێوان پارێزگاکانی عێراقدا، لەو ڕوانگەیەوە، قوربانیەکان و مەزڵومییەتی هاونیشتمانیانی سنووری پارێزگای هەڵەبجە پێویستیان بە ئاوڕدانەوە و خزمەتگوزاری و خزمەتکردنی زیاتر هەیە.
سڵاو بۆ خانەوادەی قوربانیان و شەهیدانی هەڵەبجە و گیانی پاكی سەرجەم شەهیدانی کوردستان.
مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان
14ی نیسانی 2025
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.