ئەمڕۆ دووشەممە 14ی نیسان له یادی پڕۆسهی ئهنفاڵدا موحسین مەندەلاوی جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان دووپاتی کردەوە کە تاوانی ئەنفال برینێکی قووڵی نیشتمانییە .
ئهمڕۆ دووشهمه موحسین مەندەلاوی جێگری یهكهمی سهرۆكی پهرلهمانی عێراق لە ڕاگەیەنراوێکدا کە ئاژانسی هەواڵی عێراقی بڵاویكردووهتهوه رایگهیاندووه : تاوانی ئەنفال کە 37 ساڵ لەمەوبەر ڕژێمی بەعسی دژی گەلی کورد ئەنجامی دا، تەنها ئۆپراسیۆنێکی سەربازی نەبوو، بەڵکو پەڕەیەکی ڕەش بوو لە مێژووی ستەم و دیسپۆتیزمدا کە تیایدا چەکی قەدەغەکراوی نێودەوڵەتی بەکارهێنرا بۆ ئەنجامدانی جینۆساید دژی خەڵکی بێتاوان.
راشیگهیاندووه : " ئهنفال دیمەنێکی لەبیرنەکراوی پڕ ئازار و نائومێدییه له بیرهوهریماندا ".
موحسین مهندهلاوی ئاماژەی بەوەشکردووه: ئەوەی لە ئەنفالدا ڕوویدا تەنها ڕابردوویەکی پڕ لە ئازار نییە، بەڵکو بەرپرسیارێتییەکی ئەخلاقی و نیشتمانییە کە پێویستە ڕاستییەکان بەڵگەدار بکەین و لەگەڵ قوربانییەکان و کەسوکارەکانیان بوەستین و کاربکەین بۆ بەدەستهێنانی دادپەروەری و گەڕاندنەوەی شكۆ .
جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان جەختی ئهوهشی خستووهتهڕوو" گەڕانەوەی کەرامەتی قوربانییەکان تەنیا بە چەسپاندنی بەهاکانی دادپەروەری و یەکسانی و بنیاتنانی دەوڵەتێک دهبێت کە ڕێز لە فرەچەشنییەکەی بگرێت و هەموو پێکهاتەکانی بپارێزێت لە هەر دووبارەبوونەوەی ئەو کارەساتانە".
دووپاتیشی کردووهتهوه" ئەنجوومەنی نوێنەران بەردەوامە لە پشتیوانیکردنی هەموو هەوڵێکی یاسایی و مرۆیی بۆ بە تاوان ناساندنی تاوانی ئهنفال لەبەردەم مێژوو و جیهاندا".
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.