Erbil 12°C یەکشەممە 13 نیسان 04:16

مۆبایلی ئایفۆن نرخەكەی بۆ دوو هێندە بەرز دەبێتەوە

کوردستان TV
100%

بەهۆی سەپاندنی پێناسەی گومرگی نوێ لەنێوان ئەمەریكا و چین، پێشبینی دەكرێت نرخی مۆبایلی ئایفۆن تایبەت بە كۆمپانیای ئەپڵ بە ڕێژەی 90% بەرز ببێتەوە.

بانكی (ئۆف ئەمەریكا) هۆشداری داوە لە بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخی مۆبایلی ئایفۆن، ئەگەر كۆمپانیای ئەپڵ ناچار بێت كارگەكانی دروستكردنی مۆبایل لە چینەوە بگوازێتەوە بۆ ئەمەریكا.

بانكەكە دەڵێت: بەهۆی ناكۆكییەكانی نێوان ئەمەریكا و چین و سەپاندنی پێناسەی گومرگی نوێی هەردوو وڵات لە دژی یەكتر، رەنگە كۆمپانیای ئەپڵ ناچاربێت كارگەكانی دروستكردنی مۆبایلی ئایفۆن لە چینەوە بگوازێتەوە بۆ ئەمەریكا.

هەروەها دەڵێت: ئەگەر كارگەكان بگوازرێنەوە بۆ ئەمەریكا، ئەوا كۆمپانیاكە ناچار دەبێت پشت بە كرێكاری ناوخۆیی ببەستێت، بەهەمانشێوە ناچار دەبێت پارچەكانی مۆبایل لە چینەوە بگوازرێتەوە بۆ ئەمەریكا و ئەمەش گومرگی نوێی بەسەردا دەسەپێنرێت، بەمەش تێچووی هەر مۆبایلێكی ئایفۆن نرخەكەی بە ڕێژەی 90% زیاد دەبێت.  

بانكە ئاماژەی بەوەشداوە كە ئەگەر كۆمپانیای ئەپڵ كارگەكانیشی لە چینەوە نەگوازێتەوە بۆ ئەمەریكا، هەر بەپێی پێناسەی گومرگی نوێ نرخەكەی بەرز دەبێتەوە، واتە لە هەردوو حاڵەتەكە نرخەكانی مۆبایلی ئایفۆن بەرز دەبنەوە.

بۆ نموونە ئایفۆن 16 پڕۆ ماكس كە ئەم جۆرەیان لە هەرێمی كوردستان رەواج و داخوازی زۆری لەسەرە و ئێستا نرخەكەی لە سەرووی 11 وەرەقە دۆلارەوەیە، بە نزیكەیی دەبێتە 20 وەرقە.

ماوەی چەند رۆژێكە ململانێی بازرگانی لەنێوان ئەمەریكا و چین گەیشتۆتە لووتكە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا بڕیاری دا پێناسەی گومرگی لەسەر كاڵای هاوردەی چین بۆ 125% زیاد بكات، لەبەرامبەریشدا چین گومرگی لەسەر كەلوپەلی ئەمەریكی بە رێژەی 84% بەرز كردەوە.

زانست و تەکنۆلۆژیا هه‌مه‌ره‌نگ

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.