ئەمساڵ زیاتر لە ٤٨٠ توشبوون بە نەخۆشی سوورێژەی لە ئەمەریکا تۆمارکراوە و تاوەکو ئێستاش دوو منداڵ لە تێکساس بەهۆی ئەو نەخۆشییەوە گیانیان لەدەستداوە.
رۆژی دووشەممە 7ـی نیسانی 2025 ئاژانسی هەواڵیی ئەسۆ شەیتد پرێس راپۆرتێکی لەبارەی بڵاوبوونەوەی سوورێژە لە ئەمەریکا بڵاو کردووەتەوە و رایگەیاندووە؛ "لە تێکساس دووەم منداڵ بەهۆی ئەو نەخۆشییەوە گیانی لەدەستدا".
ئارۆن دەیڤس، جێگری سەرۆکی سیستمی تەندروستی یو ئێم سی دەڵێت: "ئەو دوو منداڵەی گیانیان لەدەست داوە هیچ تۆمارێکیان نەبووە لە وەرگرتنی ڤاکسینی سوورێژە" جەختی لەوەش کردەوە، پێویستە هەموو دایکان و باوکان ئاگاداری منداڵەکانیان بن لە وادەی خۆی ڤاکسینەکانیان وەربگرن بۆ ئەوەی تووشی رووداوی لەو جۆرە نەبن.
بە گوتەی جێگری سەرۆکی سیستمی تەندروستی یو ئێم سی، "سوورێژە نەخۆشییەکی مەترسیدارە و دۆخی نەخۆش ئاڵۆز دەکات، زۆر کات ناتوانرێت کۆنترۆڵی نەخۆشییەکە بکرێت، هۆکاری ئالۆزبوونەکەش بەکارنەهێنانی ڤاکسینی دژە سوورێژەیە".
بەیانی ئەمڕۆ کچێکی تەمەن هەشت ساڵان بەهۆی سوورێژە گیانی لەدەستدا، ئەمە دەنگدانەوەی لە تێکساس دروست کردووە، ئەوە بووە هۆی کاردانەوەی بەرپرسانی ئەمەریکا و وەزارەتی تەندروستی هەڵمەتێکی بۆ رووبەڕووبوونەوەی راگەیاند.
تەندروستی ڕۆژئاوای تێکساس دەڵێت، ئێستا دۆخەکە کۆنترۆڵ کراوە، بەڵام "گرووپێکی ئاینی بەناوی "گوناه"ـەوە ڕێگری دەکەن و هەندێکیان دژایەتی بەکارهێنانی ڤاکسینی دژە سوورێژە دەکەن و ئەمەش دۆخەکەی لێ ئاڵۆز کردووین".
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.