گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئاماژەی دڵخۆشکەر هەن بۆ ئەوەی ئەمساڵ ژمارەی گەشتیارانی جەژن لەچاو ساڵانی رابردوو بەرز ببێتەوە و دەشڵێت؛ لەمڕۆوە شەپۆلی هاتنی گەشتیاران لە باشوور و ناوەڕاستی عێراقەوە بۆ هەرێمی کوردستان دەستپێدەکات.
رۆژی سێشەممە 1ـی نیسان، ئیبراهیم عەبدولمەجید، گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان بە کوردستان تیڤی راگەیاند: "ئەمساڵ بە بەراورد بە ساڵانی رابردوو چاوەڕوان دەکەین ژمارەی گەشتیارانی جەژن بەرز ببێتەوە و هەندێک ئاماژەی دڵخۆشکەریش لەو بوارەوە بەدی کراوە".
ئەمساڵ حکومەتی عێراق رۆژی دووشەممە 31ـی ئایاری وەکو یەکەم رۆژی جەژن دیاری کرد و یەک هەفتەی وەکو پشووی جەژنی رەمەزان راگەیاند، بە گوتەی ئیبراهیم عەبدولحەمید، "زۆربەی گەشتیارانی جەژن لە باشوور و ناوەڕاستی عێراقەوە دێنە هەرێمی کوردستان و بەپێی نەریت، یەکەم رۆژی جەژن خەڵک سەردانی خزم و کەسوکاریان دەکەن و چاوەڕێ دەکەین لەمڕۆوە شەپۆلی هاتنی گەشتیاران بۆ هەرێمی کوردستان دەستپێبکات".
لە هەرێمی کوردستان هەزار و 81 هۆتێل و مۆتێل و گوندی گەشتیاری هەن بۆ پێشوازیکردن لە گەشتیاران و گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستانیش دەڵێت، پێشتر کێشەی مانەوە و نیشتەجێکردنی گەشتیارانمان لە ناوەندی شارەکانی هەرێمی کوردستان هەبوو و زۆر جار گەشتیار بە ناچاری لە پارک و شوێنە گشتییەکان دەمانەوە".
وەکو ئاماژەشی پێدەدات، بۆ ئەو مەبەستە پلانێکی هەشت ساڵەمان خستووەتە بواری جێبەجێکردنەوە و ئێستا گرفتی مانەوەی گەشتیاران لە ناوەندی شارەکان نەماوە، بەڵام هێشتاش لە شوێنە دوورەدەستەکان ئەو گرفتە بە تەواوەتی چارەسەر نەبووە".
بەپێی ئامارەکان لە پارێزگای هەولێر 445 هۆتێل و مۆتێل و 47 گوندی گەشتیاری هەن و لە دهۆک 210 هۆتێل و مۆتێل و لە سلێمانی 375 هۆتێل و مۆتێل هەن، بەڵام لە پارێزگای هەڵەبجە تەنیا چوار هۆتێل هەن کە یەکێکیان لەنێو شاری هەڵەبجە و دوو هۆتێل لە بیارە و هۆتێلێکیش لە گوندی بەڵخەیە، ئیبراهیم عەبدولمەجید ئەو ژمارەیە بە کەم دەزانێت و باس لە پلانی دەستەکەیان دەکات بۆ بەرزکردنەوەی ژمارەی هۆتێل و میوانخانەکان لە پارێزگای هەڵەبجە.
گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان دەڵێت؛ سەرقاڵی ئامادەکردنی رێبەری وەبەرهێنانین بۆ پارێزگاکان و لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە چەند ناوچەیەک دیاریدەکەین بۆ ئەوەی هانی وەبەرهێنەران بدرێت هۆتێل و شوێنی نیشتەجێکردنی شیاو بە گەشتیاران دروست بکەن".
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.