دوای هەڕەشەكانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا، كۆماری ئیسلامی ئێران سوپای وڵاتەكەی خستووەتە ئەوپەڕی ئامادەباشییەوە و تەنانەت مووشەكەكانیشی بۆ هاوێشتن ئامادە كردووە.
رۆژنامەی (تەهران تایمز)ی ئێرانی ئەمڕۆ دووشەممە بڵاوی كردەوە: بەهۆی ئاڵۆزی زیاتری نێوان تاران و واشینتۆن، ئێران مووشەكە پێشكەوتوو و دوورهاوێژەكانی لەژێر زەوییەوە لە سەرجەم ناوچەكان بەتەواوی ئامادە كردووە بۆ هاوێشتن.
بڵاویشی كردەوە: سوپا و سەرجەم هێزە ئەمنییەكانی ئێران خراونەتە ئەوپەڕی ئامادەباشییەوە بۆ هەر ئەگەرێكی لەناكاو.
رۆژنامەكە دۆخی ئێستای بە سندووقی بارووت ناوبردووە و ئاماژەی بەوە دا كە هەر هێرشێك بۆ سەر ئێران، باجێكی قورسی بۆ ئەمەریكا و هاوپەیمانەكانی لێ دەكەوێتەوە.
ئەم بارگرژییە بەهۆی لێدوانێكی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا دروستبووە كە تێیدا هەڕەشەی توندی لە ئێران كردبوو ئەگەر سەبارەت بە دۆسییەی بەرنامە ئەتۆمییەكان رێككەوتن نەكات.
ترەمپ دوێنێ یەكشەممە لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ تەلەفزیۆنی (ئێن بی سی) گوتبووی: ئێستا بەرپرسانی ئەمەریكا و ئێران لە گفتوگۆدان، ئەگەر لەبارەی دۆسییەی ئەتۆمی ئێران رێككەوتن نەكرێت، ئەو وڵاتە رووبەڕووی هێرشێك دەبێتەوە كە پێشتر نموونەی نەبووبێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.