سەرۆكی ئەنجوومەنی فیقهی ئیسلامی عێراق هۆكاری دروستبوونی كێشە لە دیاریكردنی یەكەم رۆژی جەژنی ڕەمەزانی ئەمساڵ لەلایەن دیوانی وەقفی سوننییەوە ئاشكرا كرد.
شێخ ئەحمەد حەسەن تەها سەرۆكی ئەنجوومەنی فیقهی ئیسلامی عێراق ئەمڕۆ دووشەممە لە كاتی وتاری نوێژی جەژندا گوتی: ئەو هۆكارەی ئەمساڵ لە دیاریكردنی یەكەم رۆژی جەژن دروستبوو، بەهۆی خودی سەرۆكی دیوانی وەقفی سوننییەوە دروستبوو.
گوتیشی: سەرۆكی دیوانی وەقفی سوننی پابەند بووە بە بڕیاری محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق كە رۆژی دووشەممە لە تەواوی عێراق بكرێتە جەژن.
هەروەها گوتی: سەرۆكی دیوانی وەقفی سوننی لە رۆژی پێنجشەممەی رابردووەوە بەڵێنی بە سوودانی دابوو ئەگەر مانگ ببینرێت یان نەبینرێت، رۆژی دووشەممە بكەنە جەژن.
ئاماژەی بەوەش دا: سەرۆكی دیوانی وەقفی سوننی كەسایەتییەكی لاوازی هەیە و بۆ سیاسەت خیانەتی لە ئەمانەت كردووە، هەروەها دەستوەردانی لە دەسەڵاتێكدا كردووە كە مافی ئەوەی نەبووە دەستوەردانی تێدا بكات.
سەرۆكی ئەنجوومەنی فیقهی ئیسلامی عێراق جەختی كردەوە كە جارێكی دیكە بەهیچ شێوەیەك لە هیچ سەرۆك و وەزیرێكی عێراقی قبووڵ ناكەن دەستوەردان لە كاروباری ئایینی و لیژنە تایبەتەكانەوە وەربدەن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.