ئەحمەد شەرع سەرۆك كۆماری سووریا بۆ قۆناغی راگوزەر و مەزڵووم عەبدی فەرماندەی گشتیی هێزەكانی سووریای دیموكرات (هەسەدە) كۆبوونەوە، لە كۆبوونەوەكەدا ڕێككەوتنێكی هەشت خاڵی لەنێوان هەردوولا واژۆ كرا.
سەرۆكایەتی كۆماری سووریا بڵاوی كردەوە: كۆبوونەوەكە ئەمڕۆ دووشەممە ئەنجامدراوە و هەردوولا رێككەوتنێكی هەشت خاڵییان واژۆ كردووە.
بەگوێرەی رێككەوتنەكە هێزەكانی سوپای سووریای دیموكرات دەخرێنە نێو هێزە فەرمییەكان و وەزارەتی بەرگریی سووریا، هەروەها جەخت لە یەكپارچەیی خاكی سووریا و رەتكردنەوەی هەر هەوڵێكی جیابوونەوە كراوەتەوە.
ئاماژە بەوەشدراوە كە گەلی كورد لە سووریا پێكهاتەی رەسەنن لەو وڵاتەدا و گەرەنتی مافی هاووڵاتیبوون و سەرجەم مافە دەرستوورییەكانیان دەكرێت.
خاڵەكانی رێككەوتنەكە بریتین لەمانەی خوارەوە:-
یەكەم: گەرەنتی مافی سەرجەم پێكهاتەكانی سووریا و بەشداریكردنیان لە پڕۆسەی سیاسی و دامەزراوەكانی حكوومەت بەبێ جیاوازی.
دووەم: كورد كۆمەڵگەی رەسەنن لە سووریا و سەرجەم مافەكانی هاووڵاتیبوون و دەستووریان هەیە.
سێیەم: راگرتنی شەڕ لە تەواوی خاكی سووریا.
چوارەم: سەرجەم دامەزراوە مەدەنی و سەربازییەكان لە باكوری رۆژهەڵاتی سووریا تێكەڵی حكوومەت دەكرێت لەنێویشیاندا دەروازە سنووی و فڕۆكەخانە و كێڵگە نەوتی و گازییەكان.
پێنجەم: گەڕانەوەی سەرجەم ئاوارەكان بۆ ناوچە و شوێنەكانیان و پاراستنیان لەلایەن دەوڵەتی سووریاوە.
شەشەم: پشتیوانیكردن لە دەوڵەتی سووریا لەبەرامبەر رووبەڕووبوونەوەی پاشماوەكانی رژێمی ئەسەد و هەموو ئەو هەوڵانەی هەڕەشەن لەبەردەم ئاسایش و یەكپارچەیی خاكی سووریا.
حەوتەم: رەتكردنەوەی بانگەشەی دابەشبوون و سەرهەڵدانی رق و كینە و گرژی لەنێوان سەرجەم پێكهاتەكانی سووریا.
هەشتەم: لیژنە جێبەجێكارەكان هەوڵ دەدەن خاڵەكانی ئەم رێككەوتنە تا بەر لە كۆتایی ئەمساڵ جێبەجێ بكەن.
وێنە: دەقی رێككەوتنە هەشت خاڵییەكەی نێوان ئەحمەد شەرع و مەزڵووم عەبدی:-
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.