ژمارەیەك پارت و رێكخراوی كریستیان ئەمڕۆ پێنجشەممە داوایان كرد میلیشیا چەكدارەكان لە گوند و شارەكانی دەشتی نەینەوا بكرێنە دەرەوە، لەبەرامبەریشدا دۆسییەی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەكە بدرێتە كریستیان و ئێزیدییە رەسەنەكانی ناوچەكە.
پارت و رێكخراوە كریستیانەكان كە لە كلدان و ئاشووری و سریان و ئەرمەن پێكهاتوون، بەفەرمی پەیامێكیان ئاراستەی سەرۆك و ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كردووە و داوای گۆڕانكارییان لە یاسای هەڵبژاردنەكان كردووە بۆ ئەوەی مافەمی كریستانەكان لە دامودەزگاكان پارێزراو بێت.
ئاماژەیان بەوەداوە كە بەهۆی هێرش و كۆمەڵكوژییە یەك لەدوای یەكەكانی تیرۆر و داعش و میلیشیا چەكدارەكانەوە ژمارەیەكی ئێجگار زۆر لە كریستانەكان ئاوارە و دەربەدەر بوون و ئەمەش كاریگەری كردۆتە سەر پێكهاتەی كریستانەكان لە عێراقدا.
لە پەیامەكەدا داوا كراوە میلیشیا چەكدارەكان لە دەشتی نەینەوا بكرێنە دەرەوە و لەبەرامبەریشدا دۆسییەی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەكە بدرێتە رۆلە رەسەنەكانی ناوچەكە لە كریستیان و ئێزیدییەكان.
هەروەها داوایان كردووە گۆڕانكاری لە یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان بكرێت، بۆ دڵنیابوون لە نوێنەرایەتی ڕاستەقینەی پێکهاتەی كریستیان، بەهەمانشێوە داوایان كردووە هەردوو ماددەی 140 و 125ی دەستووری عێراق جێبەجێ بكرێت بۆ پاراستنی دیموگرافیای ناوچەكە بەشێوەیەكی گشتی.
ئاماژە بەوەشدراوە كە لە ماوەی ساڵانی رابردوودا كریستیانەكان لە عێراق لەلایەن میلیشیاكانەوە رووبەڕووی زوڵم و ستەمێكی فراوان بوونەتەوە بە پێشێلكردنی مافەكانیان و داگیركردنی زەوی و سەروەت و سامانەكانیان، بەتایبەتیش لەسەردەمی رێكخراوی تیرۆریستی داعش و دەستبەسەرداگرتنی شاری مووسڵ و ئاوارەبوونی كریستانەكان لە ساڵی 2014.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی چالاكوانە كریستیانەكان بڵاویان كردۆتەوە، میلیشیاكان ئاوارەبوونی كریستیانەكانیان قۆستووەتەوە و دەستیان بەسەر موڵك و زەوییەكی زۆردا گرتووە ئەویش لە رێگەی ساختەكردنی بەڵگەنامە فەرمییەكانەوە.
ئامارەكانی گۆڕانی دیموگرافیا لە عێراق
بەگوێرەی ئامارەكانی ساڵی 2003 رێژەی كریستیانەكان لە عێراق 4% بووە، بەڵام لەم ساڵانەی دواییدا رێژەكە بۆ 1% كەمبووەتەوە.
بەگوێرەی زانیارییە نافەرمییەكان بە هەزاران زەویوزاری كریستیانەكان لە بەغدا و مووسڵ و بەسڕە لەلایەن خەڵكی دیكەوە دەستیان بەسەردا گیراوە.
بەگوێرەی زانیارییەكان، لە ساڵی 2006ـەوە تا ئێستا دەستبەسەر زیاتر لە 1200 خانووی كریستیانەكان لە بەغدا گیراوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.