مهنار عوبهیدی ، سەرۆکی دامەزراوەی عێراقی ئاییندە بۆ توێژینەوە و ڕاوێژکاری ئابووری رایگهیاندووه، ئەگەر گەشەی دانیشتووان کەمنەکرێتەوە و هەناردەی نەوت و داهاتی دیکەش زیاتر نەکرێن، بودجەی عێراق ناتوانێت ڕووبەڕووی هەژاریی ببێتەوە، بەو هۆیەش مەترسی هەیە لە ساڵی 2040دا ڕێژەی هەژاری لە عێراقدا بگاته 84%.
وەزارەتی پلاندانانی عێراق ئاشکرای کردووە کە ڕۆژی 24ـی ئەم مانگە، ئەنجامی کۆتایی سەرژمێریی دانیشتووانی عێراق ڕادەگەیەنێت، لەم کاتەشدا دوو لەسەر سێی دانیشتووانی عێراق لە شارەکان دەژین و ڕێژەی هەژارییش 17.5%ـە .
مەنار عوبەیدی، سەرۆکی دامەزراوەی عێراقی ئاییندە بۆ توێژینەوە و ڕاوێژکاری ئابووری ئاشكراشی كردووه ، ئێستا ژمارەی دانیشتووان لە عێراق 46 ملیۆن کەسە و گەشەی دانیشتووان 2.53%یە و تێکڕای ڕێژەی هەژارییش 17.5%ـە، بودجەی عێراق ئێستا 160 تریلیۆن دینارە، ئەمەش توانای کەمکردنەوەی ڕێژهی هەژاری دانیشتووانی نییە، لەساڵی 2040دا ژمارەی دانیشتوانی عێراق دەگاتە 70 ملیۆن، ئەگەر بمانەوێت ڕێژەی هەژاری بۆ 5% کەمبکەینەوە، پێویستیمان بە 300 تریلیۆن دینار دەبێت له بودجهی ساڵانهدا .
مەنار عوبەیدی به داتا پێشبینییهكانی خستووهتهڕوو و رایگهیاندووه ، "پێشبینی دهكهم لە 2040دا تێکڕای نرخی بەرمیلێک نەوت 50 دۆلار بێت، بۆیە وڵات پێویستی بە هەناردەکردنی 12.5 ملیۆن بەرمیل نەوت هەیە لە ڕۆژێکدا تاوەکو خەرجییەکانی دابین بکات، بەڵام ئەگەر ڕێژەی هەناردەی نەوت بەم شێوەیەی ئێستا بێت تاوەکو ساڵی 2030 وەک خۆی بمێنێتەوە، ڕێژەی هەژاری بۆ 23% بەرزدەبێتەوە و لە 2040یشدا دەگاتە 84% " .
مهنار عوبهیدی راشكاوانه ئاشكراشی كردووه ، ئێستا لەبەردەم بۆمبێكی چێنراوداین و دەبێت دەستبەجێ کار بۆ ڕەواندنەوەی مەترسییەکانی دیاردهی ههژاری بكهین له وڵاتدا، بۆیەش دەبێت هەڵمەتی هۆشیاری بۆ کەمکردنەوەی دانیشتووان، زیاد کردنی داهاتی حکومیی و فرەجۆرکردنی ئابووریی دەستپێبکەین، بەپێچەوانەوە عێراق مەترسی ئەوەی لەسەرە هاوشێوەی وڵاتانی ئەفریقی، هەژاری، ململانێی هۆزگەرایی، بڵاوبوونەوەی گرووپەکان و ڕێژەی تاوان بەشێوەیەکی بەرچاو تێیدا بەرزببێتەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.