ئەو كەسانەی بەردەوام گەشتی ئاسمانی ئەنجام دەدەن، هەمیشە دەپرسن كامە شوێن لەنێو فڕۆكەی نەفەرهەڵگر كامانەن بۆ رزگاربوون لە ئەگەری كەوتنەخوارەوەی فڕۆكەدا.
تۆژینەوەكان دەریان خستووە لەنێو فڕۆكە هەندێك شوێن هەن پارێزراوترن لە شوێنەكانی دیكە، رەنگە ببێتە ئەگەری رزگاربوون لە كاتی رووداوی كەوتنەخوارەوەی فڕۆكە، وەك ئەو فڕۆكە ئازەربایجانییەی دوێنێ چوارشەممە لە كازاخستان كەوتە خوارەوە و بەشێك لە سەرنشینەكانی رزگاریان بوو.
لەمبارەیەوە گۆڤاری (فۆڕبس) تۆژینەوەی لەسەر رووداوی كەوتنەخوارەوەی 20 فڕۆكە لە ساڵی 1971 تا فڕۆكە كازاخستانەییەكەی دوێنێ كردووە، لە ئەنجامدا بۆی دەركەوتووە شوێنی دانیشتنی بەشی دواوەی فڕۆكە سەلامەتترین شوێنی نێو فڕۆكەیە.
لە تۆژینەوەكە دەركەوتووە ئەو كەسانەی لە بەشی دواوەی فڕۆكە دادەنیشن، ئەگەری رزگاربوونیان لە كاتی رووداوی كەوتنەخوارەوەدا بریتییە لە 69%.
ئەوە كەسانەی لە بەشەكانی پێشەوەی فڕۆكە دادەنیشن، ئەگەری مانەوەیان لەكاتی كەوتنەخوارەوە تەنیا 49%یە و بەمەش بەشی پێشەوەی فڕۆكە مەترسیدارترین شوێنی نێو فڕۆكەیە.
هەروەها دانیشتن لە ناوەڕاستی فڕۆكە، لە كاتی رووداوی كەوتنەخوارەوەدا ئەگەری رزگاربوون بریتییە 59%.
سەبارەت بە ریزی كورسییەكانیش، لە تۆژینەوەكان دەركەوتووە دانیشتن لە ناوەڕاستی كورسییەكان باشترینە، بێگومان ئەم شوێنەش لە ڕووی نرخەوە هەمیشە هەرزانترینن لە گەشتە ئاسمانییەكاندا.
لە رووداوی كەوتنەخوارەوەی فڕۆكەكەی دوێنێ چوارشەممەی هێڵی ئاسمانی ئازەربایجان لە كازاخستان، لە كۆی 67 سەرنشین، تەنیا 29 سەرنشین رزگاریان بوو، سەرجەم رزگاربووەكان لە هێڵەكانی دواوەی فڕۆكەكەدا بوون.
بۆیە ئەگەر رۆژێك لە رۆژان نیازی گەشتكردنی فڕۆكەت هەبوو، پێشنیار دەكەین هەوڵ بدە پلیتی كورسییەكانی ریزی ناوەند لە بەشی دواوەی فڕۆكە هەڵبژێریت كە رەنگە لە هەندێك كاتدا نرخەكەی بەراورد بە شوێنەكانی دیكە هەرزانتریش بێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.