چەند رۆژێك پێش ئێستا زیاتر لە 1900 ئەفسەر و سەربازی سوپای سووریا لە عێراقەوە گەڕانەوە وڵاتەكانیان، بەڵام تا ئێستا زیاتر لە 130ی دیكە ماون و ئامادەنین بگەڕێنەوە وڵاتەكانیان.
دوای هێرشی چەكدارانی دەستەی تەحریری شام و كۆنتڕۆڵكردنی دیمەشق و ناوچەكانی دیكە، بەشێك لە ئەفسەر و سەربازانی سوپای سووریا لە كاتی هەڵهاتن هاتنە نێو خاكی عێراق، لە عێراقیش لە شارۆچكەی روتبە لە سنووری پارێزگای ئەنباڕ لە كەمپێكدا جێگیركران.
دوای رێككەوتن لەگەڵ حكوومەتی نوێی سووریا، رۆژی پێنجشەممەی رابردوو بەشێكی زۆری ئەو ئەفسەر و سەربازانە لە ڕێگەی دەروازەی قائیم لە پارێزگای ئەنباڕەوە گەڕێنراوە وڵاتەكەیان، بەڵام بەشێكیان تا ئێستا رەتی دەكەنەوە بگەڕێنەوە.
بەگوێرەی زانیارییەكان زیاتر لە 130 ئەفسەر و سەربازی سوپای سووریا لە عێراق ماون، دوێنێ و ئەمڕۆ لە پارێزگای ئەنباڕەوە گواستراونەتەوە بۆ بەغدای پایتەخت.
ئەو ئەفسەر و سەربازانە بەهۆی دڵنیانەبوون لە چارەنووسیان و لە ترسی داهاتوویان لەژێر دەستی چەكدارانی دەستەی تەحریری شام، تا ئێستا رەتی دەكەنەوە بگەڕێنەوە سووریا، بەپێچەوانەشەوە دەیانەوێ لە رێگەی رێكخراوە نێودەوڵەتیەكانەوە بەرەو وڵاتی سێهەم بگوازرێنەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.