Erbil 12°C یەکشەممە 22 کانونی یەکەم 17:23

هه‌ولێر... بە گوژمەی نزیكه‌ی 2 ملیار دینار بەردی بناغەی تۆڕی ئاو و عەمباری ئاو بۆ ناوچەی پەرەپێدان دانرا

100%


ئەمڕۆ یەکشەممە 22/12/2024 بە ئامادەبوونی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر، بەردی بناغەی پرۆژەی تۆڕی ئاو و دروستکردنی عەمباری ئاو و ژووری بوستەر و کاری میکانیک و کارەبایی بۆ ناوچەی پەرەپێدان لە نزیک گوندی پیڕەش دانرا.
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار سەبارەت بە پرۆژەیەكی نوێ كە بڕیارە لەم نزیكانە بكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە ڕایگەیاند: بە گوژمەی زیاتر لە ملیارێك و 839 ملیۆن دینار ڕەزامەندی بۆ دروستكردنی شۆستە و شەقام و دانانی كربستۆن و چینی دووەمی تێكەڵە وەرگیراوە و هەفتەی داهاتوو ئەو پرۆژەیەش دەكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە.
لە ڕێوڕەسمی دانانی بەردی بناغەی ئەو پرۆژەیەدا كە هەر یەكە لە ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ و كارزان عەبدولهادی، سەرۆكی شارەوانیی هەولێر و ژمارەیەكی تر لە بەرپرسانی فەرمانگە خزمەتگوزارییەكان ئامادەی بوون، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار بۆ دەزگەكانی ڕاگەیاندن قسەی كرد و خۆشحاڵی خۆی دەربڕی كە ئەمڕۆ لەگەڵ ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر بەردی بناغەی ئەو پرۆژەیەی ناوچەی پەرەپێدان دادەنێن و هەروەها جەختی كردەوە كە پرۆژەكانی حكوومەت لە هەموو ئەو شوێنانەی دیكەش بەردەوام دەبێت كە پێویستیان بە گەیاندنی خزمەتگوزارییە.
ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار گوتیشی:  گوژمەی پرۆژەی دانانی تۆڕی ئاو و دروستکردنی عەمباری ئاو و ژووری بوستەر و کاری میکانیک و کارەبایی بۆ ناوچەی پەرەپێدان گوژمەكەی ملیارێک و 753 ملیۆن دینارە و لەسەر بودجەی وەبەرهێنانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار جێبەجێ دەكرێت. 
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، ساسان عەونی، گوتیشی: ئەو پرۆژەیە پرۆژەیەكی دیكەی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە بۆ گەیاندنی خزمەتگوزاری بە هاووڵاتییانی ئەو گەڕەكانەی تاوەكوو ئێستا خزمەتگوزاریان وەكوو پێویست بۆ نەچووە كە ئەوەش هەمووی لەو دیدگایانەوە سەرچاوە دەگرێت ڕێزدار كاك مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوام ڕێنمایی فەرمانگەكان دەكات بۆ گەیاندنی خزمەتگوزاری بۆ هەموو ئەو شوێنانەی كە پێویستیان بە خزمەتگوزارییە.
ساسان عەونی، لەبارەی ئەو پڕۆژانەی پێشوو كە لەو سنوورە جێبەجێكراون، ڕاگەیاند: لە ماوەی ڕابردوودا بە زیاتر لە حەوت ملیار دینار پرۆژەی ئاوەڕۆ و قیرتاوكردنی دوو شەقامی سەرەكی و دواتر كاری كردنەوەی ڕێگە و شەقامە ناوخۆییەكان بە بڕی ملیارێك و 983 ملیۆن دینار لەو گەڕەكە جێبەجێكراون و ئەمڕۆش پرۆژەی دانانی تۆڕی ئاو و دروستكردنی عەمباری ئاو بە بڕی ملیارێك و 753 ملیۆن دینار دەكەوێتە بواری جێبەجێكردن و هەفتەی ڕابردووش ڕەزامەندیی دروستكردنی شۆستە و شەقام و دانانی كربستۆن و چینی دووەمی تێكەڵە بۆ ئەو گەڕەكە وەرگیراوە و هەفتەی داهاتوو بە گوژمەی ملیارێك و 839 ملیۆن دینار دەكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە.
 

ئابووری

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.