سەرۆك وەزیرانی عێراق رایگەیاند، باڵیۆزخانەی وڵاتەكەیان لە سووریا دەستی بەكارەكانی كردووەتەوە، ئاشكراشی كرد كە تا ئێستا هیچ پەیوەندییەكی راستەوخۆ لەنێوان ئەو و فەرماندەی گشتیی دەستەی تەحریری شام نەبووە.
محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە لێدوانێكی تەلەفزیۆنیدا گوتی: عێراق دژی دروستكردنی پەیوەندی لەگەڵ حكوومەتی نوێی سووریا نییە بەو مەرجەی ئەم پەیوەندییە لەسەر بنەمای بەرژەوەندی سەقامگیری سووریا و ناوچەكە بێت.
گوتیشی: باڵیۆزخانەی عێراق لە دیمەشق بەفەرمی دەستی بە كارەكانی كردووتەوە.
راشیگەیاند: تا ئێستا هیچ پەیوەندییەكی راستەوخۆ لەنێوان من و ئەحمەد شەرع فەرماندەی گشتی دەستەی تەحریری شام نەبووە كە تا ئێستا ناوی خۆی و دەستەكەی لەنێو لیستی تیرۆری ئەمەریكا دایە.
هەروەها گوتی: عێراق چاوەڕێی كردار لە حكوومەتی نوێی سووریا دەكات نەك تەنیا قسە.
سەرۆك وەزیرانی عێراق جەختیشی كردەوە كە پێویستە حكوومەتی نوێ رێز لە ئیرادەی ئازادی گەلی سووریا بگرێت و گرینگی بە یەكپارچەیی خاكی سووریا بدات.
محەمەد شیاع سوودانی ئاماژەی بەوەش دا كە سنووركانی عێراق لەگەڵ سووریا كە زیاتر لە 600 كیلۆمەترە، بە تەواوەتی پارێزراوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.