لە ئەمەریكا یەكەمین حاڵەتی خراپی تووشبووی پەتای ئەنفلۆنزای باڵندە تۆمار كرا و نەخۆشەكە خراوەتە ژێر چاودێری چڕەوە.
سەنتەری كۆنتڕۆڵكردن و خۆپاراستنی نەخۆشییەكان لە ئەمەریكا ئەمڕۆ چوارشەممە بڵاوی كردەوە: لە ویلایەتی لویزیانا تووشبوویەكی ئەنفلۆنزای باڵندە بەهۆی دۆخی خراپییەوە گەیەنرایە نەخۆشخانە.
لە رۆژانی رابردوو 61 حاڵەتی تووشبووی دیكەی ئەنفلۆنزای باڵندە لە ئەمەریكا تۆمار كرابوو، بەڵام ئەمە یەكەمجارە دۆخی تەندروستی نەخۆشەكە خراپ بێت و پێویستی بە گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە هەبێت.
تووشبووەكە پیاوێكە بەهۆی دەستكاریكردنی باڵندەیەكی مردوو لە حەوشەی ماڵەكەی تووشی ئەنفلۆنزای باڵندە بووە.
دوای ئەنجامدانی پشكنینی پزیشكی، دڵنیا بوونەتەوە لەوەی كە پیاوەكە تووشی پەتای ئەنفلۆنزای باڵندە (H5N1) بووە.
ئەنفلۆنزای باڵندە پەتایەكی ڤایرۆسی مەترسیدارە لە باڵندەوە دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ، رێژەی گیانلەدەستدان بەهۆی نەخۆشییەكە لە مرۆڤدا دەگاتە 60%.
كاتێك مرۆڤێك تووشی پەتای ئەنفلۆنزای باڵندە دەبێت ئەم نیشانانەی لە جەستەیدا بەدیار دەكەوێت، تا و لەرز، ئازاری ماسولكە، سەرئێشە، كۆكە و قورگ ئێشە، پەسیو، هەناسەتوندی و سووربوونەوەی چاو.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.