لەنێو خەڵك وا باوە ئازاری سینگ گرینگترین نیشانەی نەخۆشییەكانی دڵە، لە ڕووی پزیشكییەوە ئەمەیان دروستە، بەڵام بێگومان چەندان نیشانەی دیكەش هەن ئەگەر لە مرۆڤدا هەبوو نیشانەن بۆ نەخۆشییەكانی دڵ.
بەشێوەیەكی گشتی شەش نیشانە هەن ئەگەر لە هەر مرۆڤێكدا هەبوو، پێویستە راستەوخۆ سەردانی پزیشكی تایبەتی نەخۆشییەكانی دڵ بكرێت.
نیشانەكانیش بریتین لە:-
تەنگەنەفەسی
ئەگەر كەسێك لە كارەكانی رۆژانەیدا تەنگەنەفەسی هەبوو، بۆ نموونە لە رۆیشتن یان سەركەوتن بەسەر پەیژەدا، ئەمانەش نیشانەن بۆ نەخۆشییەكانی دڵ.
هەستكردن بە ماندووبوون
هەستكردن بە ماندووبوون بەشێوەیەكی نائاسایی و تەنانەت لە كاتی پشووشدا، نیشانەیە بۆ بوونی كێشە و نەخۆشییەكانی دڵ، پێویستە سەردانی پزیشك بكرێت.
ئاوسان
ئاوسانی قاچ و پاژنە و سك بەتایبەت ئەگەر لەناكاو و بەردەوام بوو، نیشانەن بۆ نەخۆشییەكانی دڵ، چونكە دڵ بەشێوەیەكی ئاسایی و دروستی كاری خۆی ناكات و دەبێتە هۆی كۆبوونەوەی شلەمەنییەكان.
سەرەسووڕە
هەستكردن بە سەرەسووڕە و گێژخواردن بەتایبەت لە كاتی هەڵسانەوە، رەنگە هۆكار بێت بۆ تووشبوون بە نەخۆشییەكانی دڵ.
هێڵنج
هێڵنج هاتنەوە یاخود كێشەی هەرس و نەمانی ئارەزووی خواردن، هەموو ئەمانە نیشانەن بۆ كێشە و نەخۆشییەكانی دڵ، چونكە كەمی رۆیشتنی خوێن كاریگەری راستەوخۆ لەسەر كۆئەندامی هەرس دروست دەكات.
ناڕێكی لێدانی دڵ
دڵەكوتكە و ناڕێكی لێدانی دڵ مەترسین بۆ دروستبوونی جەڵتەی مێشك دەیان كێشەی دیكەی جەستە، بۆیە فەرامۆشی مەكە و با پزیشك بیبینێ.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.