Erbil 19°C ھەینی 15 تشرینی دووەم 17:49

نرخی جگەرە لە عێراق گران دەبێت

100%

بەگوێرەی ئەو پڕۆژەیاسایەی كە ئێستا لە پەرلەمانی عێراقە، باج و گومرگ لەسەر هاوردەكردنی جگەرە زیاد دەكرێت و بەمەش نرخی پاكەتی جگەرە لە تەواوی عێراق بەرز دەبێتەوە.

باسم غەڕابی ئەندامی لیژنەی تەندروستی و ژینگە لە پەرلەمانی عێراق بە میدیاكانی راگەیاندووە: پڕۆژەیاسای كۆنتڕۆڵكردنی تووتن و جگەرە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق خوێندنەوەی یەكەم و دووەمی بۆ كراوە و ئێستا ئامادەیە بۆ قۆناغی دەنگدان.

راشیگەیاندووە: لە پڕۆژەیاساكە سەرجەم خاڵەكانی رێككەوتنی رێكخراوی تەندروستی جیهانی سەبارەت بە كۆنتڕۆڵكردنی تووتن و جگەرە لە جیهاندا پەیڕەوكراوە.

هەروەها رایگەیاندووە: بەگوێرەی پڕۆژەیاساكە بەهەموو شێوەیەك ریكلامكردن بۆ تووتن و جگەرە قەدەغەیە و باج و گومرگیش بۆ هاوردەكردن زیاد دەبن.

ئەندامەكەی لیژنەی تەندروستی و ژینگە ئاماژەی بەوەشداوە كە پێشنیاری ئەوەش كراوە لە شوێنە گشتییەكان جگەرەكێشان بەتەواوی قەدەغە بكرێت، لەبەرامبەریشدا شوێنێكی تایبەتی داخراو بۆ جگەرەكێشان تەرخان بكرێت.

جەختیشی كردۆتەوە كە پڕۆژەیاساكەدا سەرجەم جۆرەكانی كێشان لەوانە جگەرە، تووتن، ڤەیپ و نێرگەلە و ئەوانی دیكەش دەگرێتەوە.

وەزارەتی تەندروستی عێراق لە نوێترین ئاماردا دەری خستووە كە رۆژانە نزیكەی 3 ملیار دینار لە كڕینی جۆرە جیاوازەكانی جگەرە و نێرگەلە لە عێراقدا خەرج دەكرێت.

وەزارەتی تەندروستی عێراق ئەوەشی خستۆتەڕوو كە ژمارەی ئەو كەسانەی جگەرە دەكێشن لەنێوان 14 بۆ 15 ملیۆن كەس دەبێت، بەمەش بە نزیكەیی نیوەی دانیشتووانی عێراق بەهۆی كێشانی جگەرە و نێرگەلەوە، بەدەست چەندین كێشەی تەندروستییەوە دەناڵێنن.

ئەوەش خراوەتەڕوو كە لە هاوردەكردنی جگەرە و تووتندا عێراق لە پلەی چوارەمی جیهانە، ساڵانە بە بەهای نزیكەی یەك ملیار دۆلار جگەرە هاوردەی عێراق دەكرێت.

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.