ئەندامێكی پەرلەمانی عێراق ئاشكرای كرد كە بەهۆی ئیلتیزام نەكردنی هەندێك لە لایەنەكان بە رێككەوتنەوە، نەتوانرا لە گەڕی یەكەمی دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمان، هەڵبژاردنی سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق یەكلایی بكرێتەوە.
شوان كەلاری ئەندامی فڕاكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند: دوای ئەوەی لە گەڕی یەکەمی هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان هەندێک لەو لایەنانەی ڕێکكەوتن لەنێوانیاندا هەبوو، ئیلتیزامیان نەکرد و بەشێك لە ئەندامەکانیان بە پێچەوانەی ڕێکەوتنەکان دەنگیان دا.
راشیگەیاند: بۆ گەڕی دووەم و دوای تەداخولێکی زۆر و دانانی میکانزمێکی تایبەت، بۆیە بابەتەکە یەکلایی بووەوە و مەحموود مەشهەدانی بە 182 دەنگ بوو بە سەرۆکی نوێی پەرلەمانی عێراق.
ئاشكراشی كرد كە هەر لەسەر ئەم بابەتە، ئەمڕۆ هەریەک لە د. فوئاد حوسێن و هادی عامری و محەمەد حەلبووسی و چەند سەرکردەیەکی تر هاتبوونە نێو باڵەخانەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق.
سەرلەئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە دانیشتنێكی تایبەتی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكێكی نوێ بەڕێوەچوو.
لە گەڕی یەكەمدا هیچ كام لە بەربژێرەكان نەیانتوانی دەنگی پێویست بەدەستبێهێنن كە 166 دەنگ بوو، مەحموود مەشهەدانی 153 دەنگ، عامر عەبدولجەبار 9 دەنگ، سالم عیساوی 95 دەنگ، تەڵاڵ زوبێعی 0 دەنگی بەدەستهێنابوو، بۆیە پڕۆسەی هەڵبژاردنەكە چووە گەڕی دووەمەوە.
لە گەڕی دووەمدا مەحموود مەشهەدانی بەربژێری هاوپەیمانیی عەزم كە لەلایەن زۆرینەی سوننەکان و چوارچێوەی هاوئاهەنگی و فراکسیۆنە کوردستانییەکان پشتگیری دەكرا، توانی زۆرینەی دەنگەكان كە 182 دەنگ بوو بەدەست بهێنێت، بەمەش مەشهەدانی بە سەرۆكی نوێی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق هەڵبژێردرا.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.