Erbil 10°C یەکشەممە 24 تشرینی دووەم 00:22

لێدوانی حەسەن نەسڕوڵا لەبارەی تەقینی ئامێرەكانی پەیجەر و بێتەل لە لوبنان

کوردستان TV
100%

ئەمینداری گشتی حزبوڵا لەبارەی هێرشە ئەلیكترۆنی و تەقینەوەی ئامێرەكانی پەیجەر و بێتەلەكان لە وڵاتی لوبنان، رایگەیاند كە ئەمە راگەیاندنی جەنگی راستەوخۆیە لەلایەن ئیسڕائیلەوە.

حەسەن نەسڕولا ئەمینداری گشتی حزبوڵا لە پەیامێكی ڤیدیۆییدا گوتی: ئیسڕائیل بە تەقاندنەوەی ئامێرەكانی پەیجەر و پەیوەندیكردنی بێتەل سەرجەم یاسا نێودەوڵەتی و هێڵە سوورەكانی بەزاند و بەهۆیەوە هەزاران هاووڵاتیی مەدەنی لەنێو ماڵ و بازاڕ و شەقامە گشتییەكاندا بوونە قوربانی.

گوتیشی: بەهۆی ئەم كارەوە دەیان كەس شەهیدبوون لەنێویاندا منداڵ هەن، ئەمە جگە لە برینداربوونی هەزارانی دیكە كە ئێستا لە نەخۆشخانەكان چارەسەری وەردەگرن.

هەروەها گوتی: ئیسڕائیل بەهۆی تەقاندنەوەی ئامێرەكانی پەیوەندیكردنەوە ویستوویەتی تەنیا لە ماوەی دوو خولەكدا 5 هەزار كەس بەبێ هۆ بكوژێت.

حەسەن نەسڕوڵا ئاماژەی بەوەش دا: بەهۆی زۆری قەبارەی برینداران پاڵەپەستۆیەكی زۆر لەسەر نەخۆشخانەكان دروستبووە و بەشێكی زۆری بریندارەكانیش بینایی و بەشێكی جەستەیان لەدەستداوە.

ئەمینداری گشتی حزبوڵا جەختیشی كردەوە كە ئەوەی ئیسڕائیل لە دوو رۆژی رابردوودا ئەنجامی دا، دەتوانن بڵێن كە ئیتر ئەمە راگەیاندنی جەنگی راستەوخۆیە.

"سوپاسی سەرجەم هاووڵاتییانی لوبنان دەكەم كە لە كاتی رووداوی تەقینەوەی ئامێرەكاندا مەردانە هاوكاری یەكتریان كرد و داستانێكی مرۆیی بێ وێنەیان تۆمار كرد".

حەسەن نەسڕولا ئەمینداری گشتی حزبوڵا هەروەها سوپاسی هەموو ئەو وڵاتانەشی كرد كە لە كاتی رووداوەكاندا هاوكاری و پاڵپشتی خەڵكی لوبنانیان كرد لەسەرووی هەمووشیانەوە عێراق و ئێران.

جەختیشی كردەوە كە لێكۆڵینەوەكانیان لەبارەی هۆكاری تەقینەوەی ئامێرەكان دەستپێكردووە و لە ماوەیەكی نزیكی داهاتوودا ئەنجامەكان بۆ ڕای گشتی بڵاو دەكەنەوە. نەشی شاردەوە كە رووداوەكانی رۆژانی سێشەممە و چوارشەممەی رابردوو گورزێكی گەورەی ئەمنی و مرۆیی بوون و لە مێژووی مقاوەمە و بەرخودانی لوبناندا وێنای نەبووە.

لە كۆتاییدا تەئكیدی كردەوە كە ئەم گورزە گەورەیەی لەلایەن ئیسڕائیلەوە لێیاندراوە، هەرگیز نایانكەوێنێ و ناكەون.

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.