باڵیۆزخانەی ئەمەریكا لە بەغدا ئاشكرای دەكات كە وەڵامیان بۆ هێرشەكەی شەوی سێشەممەی رابردوو دەبێت كە لەلایەن میلیشیاكانی سەر بە ئێرانەوە كرایە سەر ناوەندێكی دیپلۆماسی وڵاتەكەیان لە شاری بەغدا.
باڵیۆزخانەی ئەمەریكا ئەمڕۆ هەینی لە راگەیەنراوێكدا بڵاوی كردەوە: رۆژی سێشەممە رێكەوتی 10/9 لە بەغدای پایتەخت هێرشكرایە سەر ناوەندێكی دیپلۆماسی ئەمەریكی، خۆشبەختانە هیچ زیانێكی گیانی لێ نەكەوتەوە.
بڵاویشی كردەوە: بەگوێرەی زانیارییەكان هێرشەكە لەلایەن میلیشیاكانی سەر بە ئێران ئەنجادراوە ئەوانەی بە ئازادی لە عێراق كار دەكەن.
هەروەها بڵاوی كردەوە: هێرشەكە لە كاتێكدایە كە حكوومەتی عێراق بەردەوام جەخت لە پابەندی خۆی بۆ پاراستنی گیانی نوێنەری دیپلۆماسی و سەربازانی ئەمەریكا لە عێراق دەكاتەوە، بۆیە لێرەوە جارێكی دیكە داوا لە حكوومەتی عێراق دەكەین هەموو هەوڵێك بۆ پاراستنی گیانی نوێنەر و سەربازانی هێزەكانی هاوپەیمانان بدات.
باڵیۆزخانەی ئەمەریكا لە بەغدا لە راگەیەنراوكەدا ئاماژەی بەوەشداوە: دووپاتی دەكەینەوە كە بە مافی خۆمان دەزانین پارێزگاری لە خۆمان و سەرجەم سەربازەكانمان بكەین لە هەر شوێنێكی جیهاندا بێت.
شەوی سێشەممە هێرشكرایە سەر ناوەندێكی دیپلۆماسی سەر بە باڵیۆزخانەی ئەمەریكا لەنێو فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.