Erbil 33°C ھەینی 13 ئەیلوول 10:27

ھەوڵەکان بۆ پاكڕاگرتنی ژینگەی ھەولێر بەردەوامە

کوردستان TV
100%

پارێزگاری ھەولێر چەند بڕیارێکی لەبارەی ڕێگرییکردن لە پیسبوونی ژینگە دەرکرد و گرنگترینیان داخستنی و ھەڵگرتنی 138 پاڵاوگەی نایاساییە لە سنووری شارەکە.

دوێنێ یەکشەممە، پارێزگاری ھەولێر ئومێد خۆشناو لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا ڕایگەیاند کە بڕیاریانداوە بە داخستن و ھەڵگرتنی سەرجەم پاڵاوگە نایاساییەکان و بڕیارەکەش ھەر دوێنێ چووە واری جێبەجێکردنەوە.

دوای بڕیارەکەش، شەوی ڕابردوو قایمقامییەتی قەزای ناوەندی ھەولێر ھەڵمەتێکیان بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکە دەست پێکرد و، سێ لەو 138 پاڵاوگە نایاساییەیان داخست کە خەریکی کارکردن بوون.

بەپێی پێوەرەکانی کوالێتی ھەوا بۆ ئەمڕۆ، ھەوای ھەولێر لە دۆخێکی ناتەندروستدایە و چاوەڕوان دەکرێت بە جێبەجێکردنی بڕیارەکە، ژینگەی ھەولێر بەرەو ئاساییبوونەوە بچێت کە ماوەی چەند ساڵێکە بەھۆی پاڵاوگەکان، بە بەردەوامی دووکەڵێکی چڕ بەشی باشوور و ڕۆژئاوای ھەولێری تەنیووە.

ماڵپەڕی ئەکواوێدەر (کۆمپانیایەکی ڕاگەیاندنی ئەمریکییە پێشبینیەکانی کەش و ھەوای جیھان دەخاتەڕوو)، کوالێتییەکانی هەوای بۆ چەند بەشێک پۆڵێن کردووە بەجۆرێک لە نمرە سفر تا 50 بە هەوایەکی باشی دەستنیشان کردووە، هەروەها لە 51 بۆ 100 نمرە بە هەوایەکی مامناوەندی دەستنیشان کردووە، لە 101 بۆ 150 بە هەوایەکی ناتەندروستی دەستنیشان کردووە.

بەپێی پێوەرەکانی کوالێتی ھەوا لە ماڵپەڕەکەدا، بۆ ئەمڕۆ کوالێتی هەوای ھەولێر بریتییە لە 120 نمرە و ئەمەشی وەک ھەوایەکی ناتەندروست نیشانداوە و ھۆشداریداوە کە کاریگەرییەکانی ئەم ھەوایە ڕەنگە لەلایەن ھەندێک کەسەوە ھەستی پێبکرێت بۆ ھەناسە تەنگیی و دروستبوونی ھەستیاریی لە قوڕگدا.

ئابووری

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.