بەشێكی زۆری وڵاتانی جیهان بڕیاریانداوە بەپەلە گەشتە ئاسمانییەكانیان بۆ ئیسڕائیل رابگرن بەهۆی مەترسی دروستبوونی جەنگ و هێرشی ئێران بۆ سەر ئەو وڵاتە.
ئەو كۆمپانیایانەی هێڵی ئاسمانی كە تا ئێستا گەشتەكانیان بۆ ئیسڕائیل راگرتووە پێكهاتوون لە لوفتهانزای ئەڵمانی، كۆمپانیای هێڵی ئاسمانی سویسڕا، نەمسا، ئیتاڵیا و هیندستان و چەند وڵاتێكی دیكەش.
هێڵی ئاسمانی وڵاتان و كۆمپانیا جیهانییەكانی بواری گەشتی ئاسمانی ترسیان هەیە جەنگێكی گەورە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دروست ببێت، بۆیە لە دوێنێ پێنجشەممە گەشتەكانیان بۆ ئیسڕائیل و لوبنان و بەشێك لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست راگرتووە.
ئەمە لەكاتێكدایە كە ئێران بەڵێنی داوە تۆڵەی هێرشەكەی بەرەبەیانی رۆژی چوارشەمی رابردووی تاران بكاتەوە كە بەهۆیەوە ئیسماعیل هەنییە سەرۆكی بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستینی و پاسەوانێكی كوژران.
شەوی رابردووش لەلایەن حزبوڵاوە لە باشووری لوبنان هێرشێكی فراوانی هاژەكی كرایە سەر ئیسڕائیل لە تۆڵەی كوژرانی فوئاد شوكر فەرماندە و راوێژكاری سەربازی بزووتنەكە كە رۆژی چوارشەممەی رابردوو لە ئەنجامی هێرشێكی فڕۆكەی بێ فڕۆكەوانی ئیسڕائیلیدا لە باشووری لوبنان كوژرا.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.