وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا سزای نوێی بەسەر چەند كەسایەتی و لایەنێك سەپاند كە هاوكاری ئێرانن لە دروستكردنی مووشەك و درۆندا.
ماتیۆ میلەر گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئێكس رایگەیاند: سزامان بەسەر 5 كەسایەتی و 7 لایەن سەپاندووە كە هاوكاری ئێران دەكەن لە دروستكردنی هاژەكی بالیستی و درۆندا.
راشیگەیاند: سەپاندنی ئەو سزایانە بۆ پەكخستنی ئێرانە لە دروستكردنی هاژەكی بالیستی و فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان كە بوونەتە هۆكاری ناسەقامگیری لە ناوچەكە و وڵاتانی دەرەوەدا.
بەگوێرەی سزاكە، ئەو كەس و لایەنانەی سزایان بەسەردا سەپێنراوە، بەهیچ شێوەیەك نابێت مامەڵە لەگەڵ حكوومەت و كۆمپانیاكانی ئێران بكەن و كەلوپەل بۆ دروستكردنی هاژەك و درۆنیان پێ بفرۆشن.
ئەمە لەكاتێكدایە كە چەند مانگێك پێش ئێستا ئەمەریكا رایگەیاندبوو كە سزای نوێ بەسەر بەرنامەی هاژەكی و درۆنی ئێرانیدا دەسەپێنن بە مەبەستی دانانی سنوورێك بۆ پەلكێشییەكانی ئەو وڵاتە لە ناوچەكەدا.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.