Erbil 26°C یەکشەممە 08 ئەیلوول 02:35

بەڕێوەبەرایەتی گشتیی باجەكان روونكردنەوەیەك بۆ رای گشتیی بڵاو دەكاتەوە

کوردستان TV
100%

بەڕێوەبەرایەتی گشتیی باجەكان و خانوبەرەی میری سەر بە وەزارەتی دارایی و ئابووری روونكردنەوەیەكی لەبارەی باجەكان لە هەرێمی كوردستان بڵاوكردەوە.

دەقی روونكردنەوەكەی بەڕێوبەرایەتی گشتی باجەکان و خانوبەرەی میری بۆ ڕای گشتی:-

باج بە یاسا وەردەگیرێت و ئەرکی سەرەکیمان جێبەجێکردنی یاساکانی باج بووە، کە سەرجەمیان یاسای کۆنی عێراقین بەبێ ئەوەی هیچ گۆرانێک لە رێژەکانی باج کرابێت، ئەوەی کراوە گەرانەوەیە بۆ دەق و روحی یاساکان و رێگری کردن بووە لە خۆدزینەوە لە پێدانی باج.

وەزارەتی دارایی و ئابووری/ ب. گ. باجەکان و خانووبەرەی میری تەنها لە وەرگرتنی ئەم جۆرە باجانەی لەخوارەوە ئاماژەی پێدراوە بەرپرسیارە و وەرگرتنی هەر بڕە پارەیەک بەناوی باج لە هاوڵاتیان جیا لەوانە ئێمە لێی بەرپرسیار نین:

باجی کۆمپانیاکان: ئەم باجە لە قازانجی ئەو کۆمپانیایانە وەردەگیرێت کە لە ئەنجامی چالاکیان لە هەرێمی کوردستان بەدەستیان هێناوە بە رێژەی (15٪) بەپێی یاسای باجی دەرامەت ژمارە (113) ساڵی 1982 هەموار کراو.

- زانیاری و راپۆرتی کۆمپانیاکان بنەمای هەژمارکردنی باجی کۆمپانیاکانە بۆیە هیچ باجێک ناکەوێتە ئەستۆی کۆمپانیا ئەگەر قازانجی نەکردبێت.

- کۆمپانیاکان لە پرۆژەکانی وەبەرهێنان بۆ ماوەی (10) ساڵ لە باج دەبەخشرێن لە رێکەوتی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری.

باجی دەرامەت: کەسانی ئاسایی لە قازانجی ساڵانەی پیشەکانیان بەپێی یاسای باجی دەرامەت ژمارە (113) ساڵی 1982 هەموارکراو بە رێژەی هەڵکشاو کە بریتین لە رێژەی (3٪، 5٪، 10٪، 15٪) باج دەدەن دوای داشکاندنی سەرجەم لێخۆشبوونە یاساییەکان, سەرەراى ئەوەى ئەو پیشەوەرانەى یەک سەرچاوەى داهاتى سنورداریان هەیە هیچ جۆرە باجێک نادەن وەک (سەرتاشخانە,نانەواخانە,شوێنى چاکردنەوەى مۆبایل, شوێنى فرۆشتنى پەلەوەر,هتد )، بۆ نمونە هەژماری باجی نانەوایەک کەخێزاندار بێت بەڵام هیچ منداڵی نەبێت لە ساڵێک بەم جۆرەی خوارەوە دەکرێت:

6000000 - 50٪= 3000000(داهاتی ساڵانە)

3000000 -  5900000 (لێخۆشبوونی یاسایی)= سفر( کەواتە هیچ باج نادات چونکە هیچ داهاتێکی بۆ نامێنێتەوە)

- نەخۆشخانە تایبەتەکان لە دوای پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری (3) ساڵ دەبەخشرێن ئەگەر خاوەنی مۆڵەتی وەبەرهێنانیش بن بۆ ماوەی (10) ساڵ دەبەخشرێن.

- سەرجەم پرۆژەکانی وەبەرهێنان بۆ ماوەی (10) ساڵ دەبەخشرێن لە باج.

- باجدەرانی قەزا و ناحیەکان بەرێژەی (10٪ و 15٪) داشکاندنیان بۆ دەکرێت لە قازانجی ساڵانەیان.

- خاوەن پێداویستی تایبەت بە رێژەی (15٪) داشکاندنیان بۆ دەکرێت لە قازانجی ساڵانەیان.

- بێوەژن یان بێوەپیاو یا تەڵاقدراو یان سەڵت (ارمل/ ارملە، مطلق/مطلقە ، اعزب/ باکرە)بە رێژەى(10%) داشکانیان بۆ دەکرێت لە قازانجی ساڵانەیان.

- ئەو کارگانەی بە یاسای وەبەرهێنانی پیشەسازی مۆڵەتیان وەرگرتووە بە رێژەی جیا جیا بۆ ماوەی (10) ساڵ لە باج دەبەخشرێن و بە رێژەی (100٪) لە باجی هاوردەی موادی سەرەتایی بۆ کارگەکەی دەبەخشرێت.

باجی گواستنەوەی مولکایەتی: خاوەنی مولک لە کاتی فرۆشتنی مولک بەپێی یاسای ژمارە(26 ساڵی 2007) و یاسای ژمارە (20 ساڵی 2011) ی پەرلەمانی کوردستان باجی لێ وەردەگیرێت دوای داشکاندنی رێژەی (50٪) لە نرخی خەملێندراوی مولکەکە بە رێژەی (1٪ بۆ 100 ملیۆنی یەکەم )و (2٪ بۆ 100 ملیۆنی دووەم )و (3٪ بۆ 100 ملیۆنی سێیەم) و (5٪ بۆ ئەو بڕەی سەرووی 300 ملیۆنە) .

- هەموو خاوەن مولکێکی نیشتەجێبوون مافی هەیە هەر پێنج ساڵ جارێک لەباجی فرۆشتنی مولکەکەی داوای لێخۆشبوون بکات، لەیەک کاتدا ژن و مێرد و منداڵەکانیان دەتوانن لەم لێخۆشبوونە سوودمەند بن.

- رێژەی (50٪) لە نرخی خەملێنراوی مولک دەبەخشرێت و بڕی ماوە هەژماری باجی لەسەر دەکرێت.

- هەموو دایک و باوکێک و منداڵەکانیان دەتوانن مولکەکانیان بە هیبە خاوەنداریاتیان بۆ یەکتر بگوازنەوە بەبێ ئەوەی هیچ باجێک بدەن.

- هەموو خاوەن زەوییەکی نیشتەجێبوون تا 800 مەتر دووجا مافی هەیە هەر پێنج ساڵ جارێک داوای لێخۆشبوونی باجی فرۆشتنی موولکەکەی بکات.

باجی لێبڕینی راستەوخۆ: ئەم باجە لە موچە و کرێی کارمەندانی کەرتی گشتی و تایبەت وەردەگیرێت بەپێی یاسای ژمارە (20) ساڵی 2011ی پەرلەمانی کوردستان، بە رێژەی( 5٪ ) لەو بڕەی لەسەرووی یەك ملیۆن دینارە.

- کارمەندان و فەرمانبەران لێخۆشبوونی پیشەکانیان بەجیا لە لێخۆشبوونی مووچەکانیان وەردەگرن کە بە هەردووکیان لە ساڵێکدا( 14500000) چواردە ملیۆن و پێنج سەد هەزارە لەکاتێکدا باجدەران لە سنووری حکومەتی فیدرالی عێراق یەکجار لێخۆشبوون وەردەگرن و بڕەکەشی (2500000) بۆ ساڵێک.

باجی فرۆشراوەکان: ئەم باجە پاڵپشت بە یاسای بوودجەی حکومەتی فیدراڵی لە سەرجەم هۆتێل و چێشتخانە و شوێنە گەشتیاریەکانی(4 ، 5) ئەستێرە وەردەگیرێت بە رێژەی (10٪).

باجی خانووبەرە : ئەم باجە لە کۆی گشتی کرێی 12 مانگ بە رێژەی (9٪) وەردەگیرێت لە خاوەن مولک بە پێی یاسای باجی خانووبەرە ژمارە (162) ساڵی 1959 هەموارکراو.

- هەموو خانوو و باڵەخانەیەک تا سێ تابق بۆ ماوەی (3) ساڵ لە باجی خانووبەرە دەبەخشرێت و بەڵام چوار تابق زیاتر بۆ ماوەی (7) ساڵ دەبەخشرێت.

- پرۆژەکانی وەبەرهێنان لە رۆژی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بۆ ماوەی (10) ساڵ دەبەخشرێن.

باجی زەوی بەتاڵ: خاوەنی زەوی بەتاڵ ساڵانە لە کۆی نرخی خەملێندراوی زەویەکەی رێژەی( 2٪) وەک باج لێی وەردەگیرێت بەپێی یاسای زەوی بەتاڵ ژمارە (26) ساڵی 1962ی هەموارکراو.

هەموو خاوەن زەوییەک تا رووبەری (600)م2 مافی سوود مەند بوونی هەیە لە لێخۆشبوون لە باجی زەویەکەی.

تێبینی:

بەپێی نووسراوی ئەنجومەنی وەزیران/ سەرۆکایەتی دیوان ژمارە (3393 لە رێکەوتی 23/7/2024) ئەم باجانەی خوارەوە راگیراون:

1- باجی فرۆشراوەکان کە بە رێژەی (10٪) لەسەر هۆتێل و چێشتخانەکانی خاوەن سێ ئەستێرە بەرەو سەر.

2- باجی نەخۆشخانە تایبەتەکان کە بە رێژەی (5٪) لە کۆی تێچوووی خزمەتگوزاری پێشکەش کراو.

3- باجی سەر سەمونخانە و نانەواخانەکان.

4- باجی زەوی بەتاڵ.

ئابووری

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.