Erbil 7°C شەممە 23 تشرینی دووەم 06:57

دوای تێپەڕبوونی 8 مانگ.. تا ئێستا پەرلەمانی عێراق بێ سەرۆكە

کوردستان TV
100%

دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە 8 مانگ لەسەر دوورخستنەوەی محەمەد حەلبووسی، تا ئێستا پەرلەمانی عێراق بێ سەرۆكە و هەوڵەكانیش بۆ دیاریكردنی سەرۆكێكی نوێ بێ ئەنجام و شكستخواردوو بووە.

باقر ساعدی كە پەرلەمانتارێكی هاوپەیمانی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەكانە، لەبارەی نوێترین زانیاری بۆ دیاریكردنی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق گوتی: تا ئێستا هیچ وادەیەكی نوێ بۆ دیاریكردنی دانیشتنی تایبەتی ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك نییە، تەنانەت هیچ رێككەوتن و نزیكبوونەوەیەكیش لەنێوان لایەنە سیاسییەكان لەمبارەیەوە نییە.

هەروەها گوتی: هەوڵێك لە ئارادا هەیە بۆ نزیككردنەوەی لایەنەكان بۆ ئەوەی تەنیا بەربژێرێك بۆ سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق هەڵبژێرن، هەوڵەكەش ئەوەیە ئەم كارە لەماوەی ئەم مانگەدا سەربگرێت.

گوتیشی: بەو هیوایەین هەوڵەكە سەربگرێت تا ئەم بۆشاییە یاساییە پڕ بكرێتەوە و سەرۆكێك بۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق هەڵبژێردرێت.

لە ماوەی رابردوودا لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دووجار هەوڵدراوە سەرۆكێكی نوێ بۆ پەرلەمان هەڵبژێردرێ، بەڵام هەردوو هەوڵەكە بە شكست كۆتایی هاتووە، دوایین هەوڵ لە 18ی ئایاری رابردوو بوو كە تێیدا دوو بەربژێر ركابەرییان لەسەر پۆستەكە دەكرد ئەوانیش سالم عیساوی و مەحموود مەشهەدانی بوون، بەربژێری یەكەم 158 دەنگ و بەربژێری دووەم 137 دەنگی پەرلەمانتارانی بەدەستهێنا، بەڵام لە دانیشتنەكەدا نەتوانرا سەرۆك هەڵبژێردرێ و پۆستەكە هەر بە بەتاڵی مایەوە.

ئەمە لەكاتێكدایە كە لە رێكەوتی 14ی ترشینی دووەمی ساڵی رابردوو، دادگەى باڵاى فیدراڵیی عێراق لەسەر سکاڵایەکى پەرلەمانتار لەیس دلێمى، ئەندامێتى و سەرۆكایەتی لە محەمەد حەلبووسی لە پەرلەمانى عێراق هەڵوەشاندەوە.

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.