Erbil 26°C یەکشەممە 08 ئەیلوول 02:20

ئێران: دانوستانی ناڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەمریکا کراوە لە کاتی گونجاودا وردەکارییەکان بڵاودەکرێتەوە

کوردستان TV
100%


گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ناسر کەنعانی باسی لەوە کرد کە دانوستانی ناڕاستەوخۆ لە نێوان تاران و واشنتۆندا بەڕێوەچووە و، لە کاتێکی گونجاودا وردەکارییەکان بڵاودەکەنەوە.

لە میانی کۆنگرەی ڕۆژنامەوانیی هەفتانەیدا کە لە بینای وەزارەتی دەرەوە بەڕێوەچوو، کەنعانی هەڵسەنگاندنی بۆ ڕۆژەڤی سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەکە و پێشهاتە هەرێمییەکان کرد.

کەنعانی پیرۆزبایی لە مەسعود پزیشکیان کرد کە بە نۆهەمین سەرکۆماری ئێران هەڵبژێردراوە و، ڕایگەیاند: "وەزارەتی دەرەوە هەموو تواناکانی بەکاردەهێنێت بۆ هاوکاری کردنی سەرکۆماری هەڵبژێردراو و بەدیهێنانی بەرژەوەنديیە نیشتمانییەکان".

هەروەها کەنعانی باسی لەوە کرد کەنەدا ڕێگەی بە دانانی سندوقی دەنگدان نەداوە بۆ دەنگدانی ئەو ئێرانییانەی لەو وڵاتەدان و، ڕایگەیاند: "مایەی نیگەرانییە ئەم وڵاتە کە بانگەشەی بەرگریی کردن لە مافەکانی مرۆڤ دەکات، ژمارەیەکی زۆر هاووڵاتی ئێرانی بێبەش دەکات لە بەکارهێنانی مافی دەنگدان".

ناسر کەنعانی باسی لەو ڕێککەوتنە بانکییە کرد کە لە نێوان ئێران و ڕووسیادا کراوە بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییە دارایی و ئابوورییەکانی نێوانیان و کەمکردنەوەی کاریگەری سزاکانی ئەمریکا، ئەوەیشی خستەڕوو کە داوایان کردووە ڕێککەوتنەکە فراوان بکرێت بەشێوەیەک ئەندامانی بریکس بگرێتەوە.

لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە ئەگەری هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان، کەنعانی ڕایگەیاند: "لەم حاڵەتەدا ئێران درێغی ناکات لە بەرگریی کردن لە لوبنان".

کەنعانی باسی لە پرۆسەی دانوستانی نێوان ئێران و ئەمریکا کرد بە نێوەندگیری عومان لە بارەی پێشهاتە هەرێمییەکان و ئەتۆم و، ڕایگەیاند: "کەناڵە دیپلۆماسییەکانی نێوان ئێران و ئەمرریکا کراوەن. کەناڵە دیپلۆماسییەکانمان لە ڕێگای هەمەجۆرەوە کۆبوونەوەی ناڕاستەوخۆیان ئەنجامداوە. لە پێناو پاراستنی مافە نیشتمانییەکانی ئێراندا هەموو توانا دیپلۆماسییەکانمان بەکاردەهێنین. لە کاتێکی گونجاودا وردەکارییەکان ڕادەگەیەنین".

ئێران

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.