Erbil 26°C یەکشەممە 08 ئەیلوول 02:45

داتایەكی مەترسیدار بڵاو دەكرێتەوە.. 25%ی عێراقییەكان لە خوارەوەی هێڵی هەژارین

کوردستان TV
100%

ناوەندیی ستراتیژی بۆ مافەكانی مرۆڤ نوێترین داتای لەبارەی بارودۆخی كۆمەڵگەی عێراق بڵاو كردۆتەوە، داتاكە مەترسیدارە و تێیدا ئاماژە بەوەدراوە كە 25%ی عێراقییەكان لە خوارەوەی هێڵی هەژاریدان.

ناوەندەكە لە داتاكەدا ئەوەی خستۆتەڕوو كە كەمترین رێژەی داهاتی رۆژانە بۆ خێزانێكی عێراقی بریتییە لە 8 دۆلاری ئەمەریكی.

بەگوێرەی داتاكانی ناوەندەكە ئێستا 10 ملیۆن هاووڵاتی عێراقی لە كۆی گشتی 43 ملیۆن لە خوارەوەی هێڵی هەژاریدان، كە ئەمەش دەكاتە رێژەی نزیكەی 25%ی كۆی گشتی دانیشتووانی عێراق.

ئاماژەی بەوەشداوە كە ئێستا رێژەی بێكاری بەتایبەت لەنێو گەنجاندا لە هێڵی سوور نزیك دەبێتەوە بەشێوەیەك كە ئێستا زیاتر لە ملیۆنێك و 650 هەزار هاووڵاتی عێراقی لە فەرمانگەی كار خۆیان ناونووسكردووە بۆ دەستكەوتنی كار.

ناوەندیی ستراتیژی بۆ مافەكانی مرۆڤ داوای لە حكوومەتی عێراق كردووە بەپەلە پلانێكی 5 ساڵەی تۆكمە دابڕێژێت بۆ كەمكردنەوەی بێكاری و دابەزاندنی رێژەی هەژاری، بێگومان ئەویش بە پاڵپشتیكردنی كەرتی كشتوكاڵ و پیشەسازی ناوخۆی و پشتبەستن بە دەستی كاری ناوخۆ و كەمكردنەوی رێژەی هێنانی كرێكاری بیانی دەبێت كە بەگوێرەی نوێترین داتای وەزارەتی كار ئێستا نزیكەی ملیۆنێك كرێكاری بیانی لە عێراق كار دەكەن.

خستنەڕووی ئەم داتایانە لە كاتێكدایە كە ماوەیەك پێش ئێستا بەرنامەی خۆراكی جیهانی رایگەیاندبوو، ملیۆنێك و 400 هەزار كەس لە عێراق پێویستیان بە هاوكاری بەپەلە و گەیاندنی خۆراك و پێداویستی ژیان هەیە.

 

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.