Erbil 19°C پێنجشەممە 03 تشرینی یەکەم 22:51

پڕۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری ئێران دەستی پێ كرد

کوردستان TV
100%

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ هەینی و بە دروستی كاتژمێر 8:00 بە كاتی ئێران،  پڕۆسەی هەڵبژاردن بۆ 14هەمین سەرۆك كۆماری ئێران دەستی پێ كرد، لە پڕۆسەكەدا چوار كەسایەتی ركابەری دەكەن بۆ چوونە شوێنی ئیبراهیم رەئیسی و سەر كورسی سەرۆكایەتی كۆمار.

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ لەگەڵ كردنەوەی ناوەند و سندووقەكانی هەڵبژاردن، عەلی خامەنەیی ڕابەری شۆڕشی كۆماری ئیسلامیی ئێران دەنگی دا و بەشداری پڕۆسەكەی كرد.

بەگوێرەی یاسای هەڵبژاردنەكانی ئێران، هەموو ئەو هاووڵاتییە ئێرانییانەی كە خاوەنی رەگەزنامەی وڵاتەكەیانن و 18 ساڵی تەمەنیان بەڕێ كردووە، دەتوانن بەشداری لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی كۆمار بكەن.

لەو هەڵبژاردنەدا هاووڵاتییانی ئێرانی ئەوانەی لە دەرەوەی وڵاتیشن و ناسنامە و رەگەزنامەیان هەیە، دەتوانن بە پاسپۆرت دەنگ بدەن و بەشداری پڕۆسەی هەڵبژاردن بكەن.

ئەمڕۆ هەینی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری ئێران بەشێوەیەكی گشتی 61 ملیۆن دەنگدەر و هاووڵاتی ئێرانی مافی دەنگدان و بەشداریكردنیان هەیە.

بۆ بەڕێوەچوونی پڕۆسەی هەڵبژاردنی ئەمڕۆی سەرۆك كۆماری ئێران بەشێوەیەكی گشتی 58 هەزار و 640 ناوەندیی هەڵبژاردن كراونەتەوە، لەو رێژەیەش 34 هەزار و 522 بنكەیان لە شارە گەورەكانن و 24 هەزار و 118 بنكەی تریش لە گوند و دێهاتەكانن، لەگەڵ 345 بنكەی تریش لە وڵاتان كە لە 95 وڵاتی جیهان دادەنرێن.

بۆ ئەو هاووڵاتییە ئێرانییانەی كە ئێستا لە هەرێمی كوردستان و عێراقن، ئەمڕۆ هەینی دەتوانن لە 14 بنكەی دەنگدان كە لە 9 پارێزگا دانراون، دەنگی خۆیان بدەن و بەشداری پڕۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری ئێران بكەن.

بۆ شوێنی ئیبراهیم رەئیسی سەرۆك كۆماری پێشووی ئێران كە بەهۆی رووداوی كەوتنەخوارەوەی فڕۆكە گیانی لەدەست دا، چوار كەس ركابەری دەكەن، ئەوانیش بریتین لە مستەفا پوور محەمەدی، مەسعوود پزشكیان، سەعید جەلیلی، محەمەد باقر قالیباف، ئەمە دوای ئەوەی هەریەك لە ئەمیر حوسین قازی زادە و عەلی رەزا زاكانی خۆیان لە بەربژێری بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری ئێران كشاندبووەوە.

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست ئێران

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.