كهسێكی میسری له بهسره چوار هاوڕێی خۆی دهكوژێت و پارچه پارچهیان دهكات و فڕێیان دهداته نێو زبڵدان.
لە راگەیەندراوێكدا پۆلیسی پارێزگای بەسرە بڵاوی كردهوه، دوای ئهوهی له لایهن چهند هاووڵاتییهكهوه ئاگادار دهكرێنهوه كه پارچەی جەستەی مرۆڤ لەنێو زبڵداندا لەناوچەكانی تەویسە و دور نەفت بینراون، هێزەكانیان بە پاڵپشتی هەواڵگریی رێوشوێنی پێویستیان گرتەبەر.
دهشڵێت، دوای لێكۆڵێنەوەكان بۆیان دەركەوتووە كارەكە تاوانكاریی و كوشتنە، ئەوەش پاش دۆزینەوەی جلی خوێناوی و چەكوش و چەقۆ و پاشماوەی قژ.
پۆلیسی بەسرە ئاشكراشی دهكات، دوای كۆكردنەوەی زانیاریی، بۆیان دەركەوت پارچەكان بۆ چوار كەس دەگەڕێنەوە كە رەگەزنامەی میسرییان هەیە و پێشتریش قونسوڵگەریی میسر لە بەسرە دیارنەمانیانی ئهو كهسانهی راگەیاندبوو.
دهشڵێت، ئەو كەسانە كاری تەلارسازییان كردووە، دوای لێكۆڵینەوەی ورد توانرا تۆمەتبار بدۆزرێتەوە و دەستگیربكرێت، ئەوەش دوای هەڵاتنی بۆ پارێزگای بەغدا، هاوكات دەركەوتووە تۆمەتبارەكە بەهەمان شێوە میسرییە و دانیبەوەدا ناوە، ئەو چوار كەسەی كوشتووە و پارچە پارچەی كردوون، دواتر پارچەكانی لە چەند ناوچەیەكی بەسرە فڕێداوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.