Erbil 31°C شەممە 27 تەمووز 07:20

حەوت ووڵاتی ئەوروپی: دۆخی سووریا بۆ ناردنەوەی په‌نابه‌ران باش بووە

کوردستان TV
100%


حەوت ووڵاتی ئەندامی یەکێتیی ئەوروپا دەڵێن، پێویستە هەڵسەنگاندن بۆ دۆخی سووریا بکرێتەوە، بۆئەوەی رێگە بە گەڕانەوەی خۆویستانەی پەنابه‌ران بدرێت.

 بەرپرسانی نەمسا، چیک، قوبرس، یۆنان، ئیتاڵیا، ماڵتا و پۆڵەندا رۆژی هه‌ینی رابردوو له‌ قوبرس له‌باره‌ی په‌نابه‌رانی سوریا و ره‌وشی وڵاته‌كه‌ کۆبوونەوەیەکی لووتکەیان سازكرد. 

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا هه‌ر حەوت وڵاتە ئەورووپییەکە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا رایانگەیاند، هاوڕان کە دەبێت هەڵسەنگاندن بۆ دۆخی سووریا بکرێتەوە، هه‌روه‌ها پێویستە یەکێتیی ئەورووپا یارمەتیی زیاتر بە لوبنان بدات بۆ کەمکردنەوەی مەترسیی لێشاوی گەورەتر لە لوبنانەوە بۆ یەکێتیی ئەورووپا. 

لە راگەیێندراوە هاوبەشەکەدا ئاماژه‌ به‌وه‌شدراوه‌، پێویستە بڕیاری ئەوەی کە کێ دەتوانێت بە سنووری وڵاتێکی ئەندامدا دەربازبێت، لە لایەن وڵاتەکەوە بدرێت نەوەک ئەو تۆڕە تاوانکارانەی دەستیان لە بەقاچاخبردن و بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە هەیە.

 حەوت وڵاتەکە دەڵێن، ئەگەرچی بە تەواوی رازین بە پشتیوانیکردنی پەنابەرانی سووریایی بەپێی یاسای نێودەوڵەتی، هیواخوازن گفتوگۆیان ببێتە هۆی کردنەوەی دەرگای دانوستاندنێکی فراوانتر لەنێو یەکێتییە بیست و حه‌وت ئەندامییەکە لەبارەی چۆنێتیی پێدانی مافی پەنابەرێتی بە کۆچبەران.

 دیمیتریس کایریدیس، وەزیری کۆچبەرانی یۆنان گوتی، ئاژانسی پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان هێڵی پەیوەندیکردنی لەگەڵ دامودەزگاکانی سووریا دامەزراندووە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئەگەری گەڕاندنەوەی پەناخوازان. ئاشكراشی كرد، سەرەتا گەڕانەوە تەنیا بۆ ئەوانە دەبێت کە دەیانەوێت بە ویستی خۆیان بگەڕێنەوە سووریا، بەڵام دەکرێت لە قۆناخی دواتردا پەناخوازان بە ناچاری بگەڕێننەوە. 

وتیشی: ئه‌وه‌ش پێویستی به‌ كاری زیاتر ده‌بێـت، چونکە یەکێتیی ئەورووپا دان بە حکومەتەکەی بەشار ئەسەددا نانێت. 
 
        
 

سوریا

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.